ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور: هەزاران کەس لە کەمپی جیبالیا گیریان خواردووە
ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری غەززە، هەزاران کەس لە کەمپی پەنابەرانی جیبالیادا گیریان خواردووە.

ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە. فەلەستینییەکان ناچارن کۆچ بکەن و لە گەیشتن بە پێداویستییەکانی ژیان بێبەش دەمێنن.
ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور-مەسەفە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێدوانێکیان سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری غەززە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: "بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکە، هەزاران کەس لە کەمپی پەنابەرانی جیبالیا لە باکووری غەززە گیریان خوارد، هەروەها ڕاگەیەندرا کە ٥ کارمەندی مەسەفە لە کەمپەکەدان و نیگەرانن لە سەلامەتی ژیانیان.
لە پەیامەکەدا ڕێکخەری پڕۆژەی مەسەفە باسی لە تێبینییەکانی خۆی کردووە و دەڵێت: "کەس بۆی نییە بچێتە ژوورەوە و دەربچێت، هەموو ئەوانەی ئەمە تاقی دەکەنەوە هێرش دەکرێتە سەریان".
لەم ڕاگەیاندراوەدا داوا کراوە ئیسرائیل کۆتایی بە کۆچی زۆرەملێ و هێرشەکانی دژی خەڵک لە غەززە بهێنێت.