بارودۆخی سەختی زیندانی مەهاباد

گیراوانی شۆڕشی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە زیندانی مەهاباد لە دۆخێکی نالەباردان.

ناوەندی هەواڵ

 هاوکات لەگەڵ ئەو شۆڕشەی ئێستا کە بە کۆچی دوایی ژینا ئەمینی دەستی پێکردووە، ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و زیندانەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵات لە کوردستان پڕبوون لە ئازادیخوازان.

 

هاوکات دۆخی خراپی زیندانەکان بۆتە کێشەیەکی دیکە بۆ زیندانییەکان، یەکێک لەو زیندانانە بەندینخانەی مەهابادە کە بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، گیراوانی شۆڕشی ئەم دواییە لە دۆخێکی زۆر خراپدان.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی زۆری ژمارەی دەستبەسەرکراوەکانی زیندانی مەهاباد، نەک هەر خۆراکی پێویستیان وەرنەگرتووە، بەڵکو نەبوونی ئیمکاناتی تەندروستیش تەندروستییانی خستوەتە مەترسییەوە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی ئینقلابی ئێستادا دەیان کەس لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی زۆریان دوای لێپرسینەوە بۆ زیندانی گشتیی مەهاباد گواستراونەتەوە.