ڕێژەی توندوتیژی لە مەغریب لە زیادبووندایە

بوشرا عەبدۆ، پێشەنگی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون، سەرنجی بۆ ئەو توندوتیژییە ڕاکێشا کە ژنان لە مەغریب ڕووبەڕووی دەبنەوە و جەختی لەسەر پێویستی کردنەوەی پەناگە بۆ پاراستنی ژنان کردەوە.

حەنان حارت

 

مەغریب- شاری دار بەیزا لە مەغریب گەورەترین شاری مەغریبە لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووانەوە کە ٤ ملیۆن کەس دەبێت، جگە لەوەش ڕێژەی ژنان لەو شارە دەگاتە ٪٥٠، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەکان شارەکە یەکێکە لەو شارانەی کە ژنان زۆرتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە تیایدا، لە شارەکەدا چەندین ناوەند هەن کە سەر بە کۆمەڵەکانن و پشتیوانی ئەو ژنانە دەکەن کە دەبنە قوربانی توندوتیژی، بەڵام هەندێک ئاڵنگاری لەبەردەم ئەم ناوەندانەشدا هەن کە کاریگەرییان لەسەر توانای ئەوان هەیە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی پێویست بۆ ئەو ژنانەی کە تووشی دەستدرێژی بوون.

 

کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون داواکارییەکی پێشکەش بە ئەنجومەنی شاری دار بەیزا کردووە، لە داواکارییەکەدا نەبوونی پاراستنی گونجاو بۆ ژنان و کچان لە توندوتیژی خراوەتەڕوو، هەروەها پێداگری کراوە لەسەر بنیادنانی ستراتیژی بۆ ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی دەبن و گوێ لە کێشەکانیان بگیرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە لە مەغریب ٨٦ شوێنی داڵدەدان هەیە بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەڵام بەراورد بە ژمارەی ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی دەبن، زۆر کەمە.

 

 بوشرا عەبدۆ، پێشەنگیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون، سەرنجی بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی ڕاکێشا و وتی: ناوەندەکانی گوێگرتن و پەناگە یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی یارمەتیدانی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی ئازار بوونەتەوە، ژینگەی سەلامەت ژینگەیەکی پاڵپشتە کە ژنان دەتوانن چاودێری دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی وەربگرن، ژمارەی ئەو ژنانەی بەرکەوتەی توندوتیژین لە ناوچەکە ڕوو لە زیادبوونە، بۆیە ئەم داڵدەدانانە پێویستن بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژی دەبن بیر لەخۆکوشتن نەکەنەوە، ژنان لە ناوچەکە بێبەشن لە پشتیوانی و پاراستن.

 

"کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی سیاسی بەرپرسیارن"

بوشرا عەبدۆ جەختی لەوە کردەوە کە ژنان لە ناوچەکەدا پێویستیان بە پەناگە هەیە بۆ پاراستنیان و وتیشی: لە هەموو بەشەکانی هەرێم پێویستی بە کردنەوەی پەناگە هەیە، هەروەها دەبێت هەماهەنگی لە نێوان ناوەند و دامەزراوە حکومییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی دەبنەوە، لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرپرسیارن لە کێشەکانی زیادبوونی توندوتیژی، پەناگەکان دەرگای یەکەمن بۆ ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

لە کۆتاییدا بوشرا عەبدۆ وتی: ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی دەبن، پێویستیان بە پاڵپشتی دارایی هەیە، هەندێک شوێنی داڵدەدان لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام ئاسانکارییەکانیان سنووردارە، ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی کێشەکانی ژنان چارەسەر نەبن، دەبێت ئەم فشارە لەسەر ژنان کەم بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگارییان لێبکەین، دەبێت هەرێمەکە بەرپرسیارێتی دارایی بۆ پەروەردە و پێشوازیکردن لە ژنان بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان لەئەستۆ بگرێت، پەناگە سەلامەتترین شوێنە بۆ ئەو ژنانەی کە لەگەڵ توندوتیژیدا دەژین.