مەترسی سێدارە لەسەر پەخشان عەزیزی و ٥٠ زیندانی دیکە هەیە
پێنج زیندانیی سیاسیی لە زیندانی قزلحەسار لە کەرەج لەبارەی پەسەندکردنی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە زیندانی ئەوین ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکەیان کرد.
ناوەندی هەواڵ
پێنج زیندانیی سیاسیی لە زیندانی قزلحەسار لە کەرەج، بە ناوەکانی سەعید مەسوری، سپهر ئیمام جومعە، محەمەد شافعی، میسام دێهبانزادە و لوغمان ئەمین پوور لەبارەی پەسەندکردنی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە زیندانی ئەوین ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکەیان کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕژێمی ئێران لە لێواری ڕووخاندایە و پەنا دەباتە بەر لەسێدارەدان و کوشتنی چالاکوانان و ئازادیخوازان بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی ترساندن و تۆقاندنی هاوڵاتییان، پێیوایە بە کوشتن و لەسێدارەدان، دەتوانێت خەڵک بترسێنێت و ناچاریان بکات بێدەنگ بن.
ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لە پەسەندکردنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ٥٠ زیندانیی سیاسیی دیکە مەترسی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئەو پێنج زیندانییە سیاسییە لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێن، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین هەرچی لە توانایاندا بێت بیکەن و داوا لەسەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ و ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەژکان لە ئێران دەکەین بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ ڕزگارکردنی گیانی پەخشان عەزیزی و زیندانیانی دیکەی سیاسیی.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ئەمیر ڕەئیسیان پارێزەری پەخشان عەزیزی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئەوین لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندبوو، لە لایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای ئێرانەوە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسەند کرا، بەبێ ڕەچاوکردنی کەموکوڕییە زۆرەکانی کەیسەکە.