ڕۆژنامەنووسانی مەخموور: لە هەموو بوارێکدا شوێنکەوتووی حەقیقەت دەبین

ڕۆژنامەنووسانی کامپی پەنابەرانی مەخموور بە ڕاگەیاندراوێک کاردانەوەیان بەرامبەر بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین نیشان دا و ڕایانگەیاند: ئێمە لە لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ناترسین.

مەخموور

 

ڕۆژی ١٩ی کانونی یەکەم، ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین کە بەدواداچوونیان بۆ پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرد، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەسەر ڕێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سرین گیانیان بەختکرد.

 

ڕۆژنامەنووسان و دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی-مەخموور بە ڕاگەیەندراوێک کاردانەوەیان بەرامبەر بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین نیشاندا، ڕاگەیاندندراوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە ماڵی گەل دەستی پێکرد و دوای ڕێزلێنانەکە، ڕۆژنامەنووس بێریڤان تونچ قسەی کرد.

 

لە سەرەتای قسەکانیدا، بێریڤان تونچ سەرەخۆشی لە کەسوکاری ڕۆژنامەنووسانی کوژراو کرد و وتی: لە پڕۆسەیەکی وادا ژیانی خەڵک دەگۆڕێت، بۆ سەدان ساڵە لە هەموو کوردستان هێرش دەکرێتە سەر گەلی کورد، دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە خوێن و خەباتی کچان و کوڕانی گەلی کورد بەدەست هات، ئەمڕۆ لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانیدایە، هاوکارانمان نازم داشتان و جیهان بیلگین، کە دەیانویست بارودۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ جیهان ڕابگەیەنن و ڕاستییەکان لە دژی میدیاکانی حکومەت ئاشکرا بکەن، کە دۆخی ئێستا بە شێوەیەکی بێلایەنانە دەخەنە ڕوو، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە ئامانجگیران.

 

"لە هەموو بوارێکدا شوێن حەقیقەت دەکەوین"

بێریڤان تونچ ڕایگەیاند که تا کۆتایی به دوای ڕاستییەکان دەکەون  و وتی: ئێمه وەک ئەندامانی ڕۆژنامەوانی ئازاد دەزانین که دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت به بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان بمانترسێنێت، بەڵام لەهەر شوێنێک بتوانین تا کۆتایی درێژه به کارەکانمان دەدەین، ئێمە لە لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ناترسین. ئێمە دەڵێین هەرچییەک بکەن، پێویستە لە هەموو بوارێکدا شوێن ڕاستییەکان بکەوین.