بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵاتدارانی ئێران نێرگس محەمەدی ئازاد دەکەن
دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و خراپی باری تەندروستی، دەسەڵاتدارانی ئێران نێرگس محەمەدی، چالاکوان و خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان ئازاد کرد.
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران دوێنێ ٤ی کانوونی یەکەم، نێرگس محەمەدی، چالاکوان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەستبەسەرە، ئازاد کرد.
پارێزەری نێرگس محەمەدی ئاماژەی بەوەکرد، کە بە هۆکاری پزیشکی بۆ ماوەی سێ هەفتە بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە، بە پشتبەستن بە بۆچوونی پزیشکی دادوەری، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هۆکاری پشت ئازادکردنی، خراپی باری جەستەیی بووە دوای ئەوەی ٢١ ڕۆژ لەمەوبەر نەشتەرگەری لابردنی وەرەم و گرێدانی ئێسکی بۆ کراوە، بەڵام نێرگس محەمەدی بەپەلە پێویستی بە پێداچوونەوەی پزیشکییە بۆ هەر سێ مانگ جارێک.
لەسەر ئەو بڕیارە، بنەماڵەی نێرگس محەمەدی ڕایانگەیاندووە، ڕاگرتنی سزای نێرگس محەمەدی بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ بەس نییە، داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن دەستبەجێ و بێ مەرج ئازادی بکەن، یان ئازادکردنی بۆ سێ مانگ درێژ بکەنەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" سزای یەک ساڵ زیندانییان بۆ نێرگس محەمەدی دەرکردبوو، کە ئەوەش بۆ لیستی درێژی تۆمەتەکانی دژ بە نێرگس محەمەدی زیادکرابوو، دوای ئەوەی سزای ١٢ ساڵ و سێ مانگ و ١٥٤ سزای قامچی و دەربەدەری بۆ ماوەی دوو ساڵ بە سزای کۆمەڵایەتی و تاوانکاری جۆراوجۆری بەسەردا سەپێندرا.
لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو لە زیندانەوە پەیامێکی دەنگیی نارد و تیایدا ئەو پێشێلکارییە بەربڵاوانەی دژی ژنان لە ئێراندا شەرمەزار کرد، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران یاسای توندیان بەسەر ژناندا سەپاند، کە لەوێدا ناچاربوون حیجاب و جل و بەرگی گەورەو داپۆشراو لەبەر بکەن.
نێرگس محەمەدی تەمەن ٥٢ ساڵ، وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە لە ساڵی ٢٠٢٣، بەهۆی خەباتی دژی سزای لەسێدارەدان کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەرچووە و ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار دەستگیرکراوە.