لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و ئازادکردنی دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادیی چالاکوانی مافی ژنان گرت و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم سزایە و ئازادکردنی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادیی چالاکوای مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار و زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین گرت و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئەم چالاکوانەی مافی ژنانە کرد و دەستبەجێ دەستی بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بگەییت.

 

ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەدا کە لە هەردوو دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتەکانی سەر وریشە مورادی، ئەم چالاکوانە مافی ژنان و پارێزەرەکەی لە پێشکەشکردنی بەرگری بێبەش کراون و پارێزەرەکەی تەنها دوای کۆتایی هاتنی خولی دووەم، ڕێگەی پێدراوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکات و دادگاییکردنی ناوبراو یبە "نادادپەروەرانە" ناو برد و بە ئاماژەدان بە پێشێلکردنی مافەکانی لە کاتی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و هەڕەشەی لە سێدارەدان بە مەبەستی بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ، داوای لە کاربەدەستانی ڕژێمی ئێران کرد دەستبەجێ سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێننەوە و  یەکسەر ئازادی بکەن.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیاندراوەکەدا هەروەها داوای لە رژێمی ئیسلامی کرد کە بێلایەنانە بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکانی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئەم چالاکە سیاسییە بکات و ئەنجامدەرانی ئەو کارانە لە دادگای دادپەروەرانەدا دادگایی بکات و تا ئازادکردنی، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە گونجاوەکان و دڵنیابوون لە کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرەکانی گەرەنتی بکات.

 

لەم ڕاگەیاندراوەدا هەروەها ئاماژەی بەوە دراوە کە وریشە مورادی لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان دەستی بە مانگرتنێکی نادیار کردووە و بە هۆی داوای چالاکوانان و دامودەزگاکان و ئازادیخوازان و هەروەها هاوپەیمانەکانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. دەسەڵاتدارانی ئێران بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانیان چڕکردووەتەوە بۆ چاندنی ترس لە دانیشتووان و توندکردنەوەی دەست بەسەر دەسەڵاتدا. ئەم هەڵکشانە، کەڵک وەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان لە دژی نەتەوەکان و گەلانی نیشتەجێی ئێران لەوان بەلوچ و کورد دەگرێتەوە.

 

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لە سزای لەسێدارەدانی ئەو ژنانەی کردووە کە بە تۆمەتی سیاسی دەستگیرکراون و ئاماژەی بە سزای لەسێدارەدانی چالاکوانی مەدەنی و توێژەری کۆمەڵایەتی پەخشان عەزیزی کردووە. لە مانگی حەزیرانی ساڵی ٢٠٢٤،  توێژەر و یارمەتیدەری کۆمەڵایەتی کورد، پەخشان عەزیزی، بە تۆمەتی " هیڕشی چەکداری لە دژی دەوڵەت" (یاخیبوون) کە پەیوەندی بە چالاکییە ئاشتیخوازەکانی مرۆڤدۆستانە و مافی مرۆڤەوە هەبوو، لەوانەش یارمەتیدانی ژنان و منداڵانی ئاوارە لە ڕۆژهەڵات  و باکوری سوریا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا