سزای ١٠ ساڵ زیندانی سروە پوورمحەمەدی بۆ ٥ ساڵ زیندانیکردن کەم کرایەوە
سروە پوورمحەمەدی، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، کە پێشتر سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، لە دادگای تێهەڵچوونەوە بۆ ٥ ساڵ زیندانی کەم کرایەوە.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢٦ی تشرینی دووەم، دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای کوردستان، سزای زیندانیی سروە پوورمحەمەدی، چالاکوانی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی کۆمەڵەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نۆژین سنە، لە ١٠ ساڵەوە بۆ ٥ ساڵ زیندانی کردن، کەم کردەوە.
سروە پوورمحەمەدی لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا و لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا داوای لە دادگا کردبوو بەدواداچوون بۆ دۆخی خوشکەکەی، سۆما پوورمحەمەدی و ئەندامانی دیکەی کۆمەڵەی "نۆژین" بکات کە لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوون، هەر دوای ئەوە سروەش دەستگیر کرا
ئەم چالاکوانە مەدەنییە لە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٣ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەن و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی دانیشتنەکە ئازاد کرا و دادگا بە تۆمەتی "پێکهێنانی گروپێک بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات" لە دادگای یەکەمدا ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند، دواجار دوێنێ ٢٦ی تشرینی دووەم دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای کوردستان سزاکەی بۆ ٥ ساڵ کەم کردەوە.
کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی نۆژین لە ساڵی ٢٠١٢دا بە وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە پارێزگای سنە دەستی بە چالاکییەکانی کرد و تیشک دەخاتەسەر پەروەردەی زمانی کوردی و چالاکییە ژینگەییەکان، هەروەها پۆلی جۆراوجۆر لە ئاستی جیاوازدا بۆ منداڵان و گەورە دەکاتەوە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی، ئەم کۆمەڵەیەش جگە لە شاری سنە، لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک سەقز، بانە، دێهگولان و کامیاران و زۆرێک لە گوندەکانی ئەو شارانە لقی هەیە و وانە دەڵێنەوە، هاوکات کۆمەڵەکە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە یارمەتیدانی خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکانی پارێزگای لوڕستان، سەرەڕای مۆڵەتی یاساییش ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەندامەکانی بە هۆکاری جۆراوجۆر دەستبەسەر کراون.