قەلادزێ، باس لە لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی توندوتیژی دژی ژنان کرا
لە زانکۆی قەڵادزێ سیمینارێک سەبارەت بە توندوتیژییەکانی دژی ژنان و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی پێشکەشکرا و باس لە لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی توندوتیژی دژی ژنان کرا.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆلێژی پەروەردە لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەربە ئیدارەی ڕاپەڕین، بە دەستپێشخەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لقی ڕاپەڕین و بە هاوکاری کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی ڕاپەڕین، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چالاکییەک بەڕێوەچوو.
لە چالاکییەکەدا سمینارێک ئەنجامدرا و تیایدا مامۆستا سوهام حسێن، سەبارەت بە لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان قسەی کرد و وتی: ئێمە لە کۆمەڵگەدا لە کۆنەوە وا فێرکراوین کە توندوتیژی تەنها توندوتیژیی جەستەییە، بەڵام هەر کردەیەک لەلایەن کەسێكەوە بەرامبەر بە ژنان و منداڵان توندوتیژییە، کە دەکرێت توندوتیژییەکی جەستەی، کۆمەڵایەتی، یانیش دەروەنی و سێکسی و یاخود چەندین شێوازی دیکەبێت.
وتیشی: دەکرێت ئەو توندوتیژیە ببێتە هۆی لێکەوتەی دەروەنی یانیش جەستەیی، کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک کە لە ڕێگەی ئەو ژنە یاخود ئەو منداڵەوە شۆڕ ببێتەوە بۆ کۆمەڵگە و هەم تاک و هەمیش کۆمەڵگە لێی زەرەرمەند دەبێت.
هەر لە سمینارەکەدا باس لە وەکرا، پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە کار بکرێت بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان و ڕێگری کردن لێی، هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بۆ ژنان و پیاوان و زاناکردنی زیاتری ژنان بە مافەکانیان.
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، گروپی خانمانی پەری بە کاری دەستی، شیرینی، خواردنی کوردەواری، تابلۆ، جلوبەرگ و چەندین کەرەستەى جۆراوجۆری تر کار و دەسترەنگینی خۆیان نمایشکرد.