توندوتیژی دژی ژنان لە ئیدلب لەژێر ناوی ئاییندا ڕەوایەتی پێدەدرێت

بۆچوونە ئایینییە چەواشەکارەکان، وەک زۆر شوێنی دیکەی ئیدلبی داگیرکراو، کاریگەرییان لەسەر ژنان هەیە. چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک و هەیئەت تەحریر شام ئایین وەک ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەی ژنان بەکاردەهێنن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە هەیئەت تەحریر شام لە ڕۆژی داگیرکردنی ئیدلبەوە فشارێکی زۆریان لەسەر کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان دروستکردووە. ئەو چەتانەی لە پشت ئایین خۆیان دەشارنەوە لە هەمان کاتدا ئایین وەک ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەی ژنان بەکاردەهێنن. وەک سەپاندنی جلوبەرگی داخراو بەسەر ژناندا، شووکردنی کچانی خوار ١٨ ساڵ و توندوتیژی خێزانی لە شێوازە سەرەکییەکانیانن.

 

لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بەهۆی فشاری ئایینیەوە هاوسەرگیری کردووە

مریەم سیبان کە تەمەنی ١٧ ساڵە، لە گوندێکی بچووکی لادێی باکووری ئیدلب دەژی، خەونی تەواوکردنی خوێندنەکەیەتی تا ببێتە مامۆستا، بەڵام لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بە ناچاری هاوسەرگیری کردووە.

 

"ژیانم پڕە لە ترس و سترێس"

سوعاد حەسون تەمەن ٢٣ ساڵ، دایکی ٣ منداڵە، لە شاری ئیدلب نیشتەجێیە، کاتێک ویستی بە تەنیا بڕواتە دەرەوە، هەراسان دەکرا. سوعاد حەسون باس لە فشارەکان دەکات و وتی: ژیانم پڕە لە ترس و سترێس، هەمیشە لەبەر تێڕوانینی ئایینی هەڵە تووشی کێشە دەبم، بەوەش زیانێکی گەورەم بەرکەوتووە. هەموو پلانەکانی داهاتووشم بەهۆی ئەو بابەتانەوە لەدەستچوو. ئایین گرنگترین شتە کە هەیئەت تەحریر شام بەپێی خۆی بەکاری دەهێنێت. بەڵام دژی ژنان و بەرتەسککردنەوەی مافەکانیان دانراون. زۆر کەس دەڵێن پێویستە ژنان لە ماڵەوە بمێنێتەوە و نابێت بخوێنێت و کار بکات. ئەمەش ڕێگە نادات ژنان گەشە بکەن و مافی خوێندنیان لێ زەوت دەکرێت و هەلی کار لەدەست دەچێت. لە ئەنجامدا ژنان هەژار دەبن و پشت بە کەسانی دیکە دەبەستن. جێگەی ئەو لە کۆمەڵگەدا لاواز دەبێت و دەقۆزرێتەوە.

 

ئایین وەک ئامرازێکی توندوتیژی بەکاردێت

نەدا شالوف مامۆستای زمانی عەرەبییە، باس لەوە دەکات، هەندێک لەو پەرتوکانەی کە دەیەوێت کچان بیخوێننەوە، لە قوتابخانە لابراون وتیشی: شۆک بووم کاتێک بیرۆکەی تەنگ و دواکەوتووم لە هەندێک پەرتوکی خوێندندا بینی، لە پەرتوکەکاندا ژن پشتگوێ دەخرێت و ڕۆڵی تەنها لە ماڵ و شتی ئاساییدایە، هەموو شتێک بەناوی ئاینەوە ئەنجامدراوە.

 

زێنا سەلمۆ دایکی ٣ منداڵە و لە کەمپەکانی کافەر یەحمول لە باکووری ئیدلب دەژی، ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە و دەڵێت: هاوژینەکەم بە شێوەیەکی زارەکی و جەستەیی ئازارم دەدات، هەر جارێک لێم دەدرێت، باوکم باسی ئەوەم بۆ دەکات کە جارێک چووە بۆ شێخێکی ناوچەکەمان داوای ئامۆژگاری لێ بکات، بەڵام پێی وتووە بە سەبر و گوێڕایەڵ بم. ئەرکی ژنان لە ئایینی ئیسلامدایە و بە پشتبەستن بە سەبر و خۆڕاگریم لە جیهانی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەست دەهێنم، من سەرم سوڕما و گەڕامەوە بۆ ئەو ژیانە دۆزەخییەی کە تێیدام.