دۆسیەی ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی بۆ جێبەجێکردنی سزاکان نێردرا
وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاند، توندترین سزا جێبەجێ دەکرێت و دۆسیەی ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی ڕەوانەی جێبەجێکردنی سزاکان دەکات.
ناوەندی هەواڵ
ئەسغەر جەهانگیری، وتەبێژی دەزگای قەزایی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دۆسیەی ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی، دوو ڕۆژنامەنووس کە هەواڵی کوشتنی دەوڵەتی و پرسەی ژینا ئەمینییان ئاشکرا کرد و ڕووماڵیان کردبوو، ڕەوانەی جێبەجێکردنی سزاکان کران.
هەروەها سەبارەت بە دوایین دۆخی دۆسیەی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە، ڕایگەیاند کە ئەو ڕۆژنامەنووسانە "بە تۆمەتی ئەنجامدانی چالاکیی پروپاگەندا دژی ڕژێم بە یەک ساڵ زیندان، هەروەها بە ٥ ساڵ زیندانی بە تاوانی ئەنجامدانی پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات" سزا دراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دوو ڕۆژنامەنوووسە "لە دادگای تێهەڵچوونەوە لە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا بێتاوان دەرچوون"، وتیشی: بەپێی بڕیارەکە سزای توند (پێنج ساڵ زیندانیکردن) بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێندرێت، دۆسیەکەیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆتایی ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
نیلوفەر حامیدی یەکەم ڕۆژنامەنووس بوو کە وێنەی ژینا ئەمینی لە کۆمادا بڵاو کردەوە، هەروەها ئیلاهە محەمەدی دوای کوشتنی دەوڵەتی ژینا ئەمینی چووەتە سەقز و ڕاپۆرتێکی لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی ئامادە کردووە.
شایانی باسە، نیلوفەر حامیدی لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەلواتی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا"، سزای ٧ ساڵ زیندان بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری لە دژی ئاسایشی وڵات" بە ٥ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "چالاکی پروپەگەندا دژی رژێم" بە یەک ساڵ زیندانی سزادرا کە ٧ ساڵ لەم سزایە کارپێکراو بوو.
هەروەها ئیلاهە محەمەدی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا"، "کۆبوونەوە و هاوکاری بۆ ئەنجامدانی تاوانێک دژی ئاسایشی وڵات" و بە تۆمەتی "چالاکی پروپەگەندا دژی ڕژێم" سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرا و ٦ ساڵ لەم سزایە کارپێکراو بوو.
وەک سزایەکی زیادە، ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە دوو ساڵ قەدەغەکردنی ئەندامێتی لە حزب و گروپ و گروپە سیاسییەکان و چالاکییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و میدیا و ڕۆژنامەگەرییان بەسەردا سەپێندرا.