شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا سەردانی چەند دەزگایەکی میدیایان کرد

لە درێژەی سەردانەکانیاندا، شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، لە شاری سلێمانی، لەگەڵ چەند دەزگا و ناوەندێکی میدیایی کۆبوونەوە و باسیان لە دروستکردنی پردی نێوان دەزگا و ڕێکخراوەکانی ڕۆژنامەنووسان کرد بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

سلێمانی

 

لە دووەم ڕۆژی سەردانەکانیاندا، شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، کە لە ئەوروپاوە هاتوونەتە باشووری کوردستان و لە ڕۆژنامەنووسانی کورد و بیانی پێکدێن، لەگەڵ هەریەک لە دەزگای شار پرێس، ڕێکخراوی جاسەنە، ڕۆنووس و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لقی سلێمانی کۆبوونەوە.

 

لە کۆبوونەوەکانیاندا شاندەکە باسیان لە دۆسیەی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کرد، پێشنیاری پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان دەزگا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە بواری ڕۆژنامەنووسیان کرد، تا بتوانن لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دۆسیەی ئەو ڕۆژنامەنووسانە کاری لەسەر بکرێت و ڕێگری لە هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان لە باشووری کوردستان بکرێت.

 

لە کۆبوونەوەکاندا، شاندەکە گرنگی کاری پێکەوەییان خستەڕوو، کە دەتوانێت ئەنجامێکی باشتر بۆ پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان بەدەستبهێنێت، هەروەها ئاماژە بەوە کرا، میدیاکان دەبێت سەربەخۆیانە کار بکەن و دوور لە بیروڕای حزبی پرسی نەتەوەیی و سەلامەتی گیانی ڕۆژنامەنووسانیان بۆ گرنگ بێت.

 

دوا بەدوای ئەو سەردانانە، شاندەکە سەردانی مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەتیان لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی کرد و تاجەگوڵینەیان دانا، هاوخەمی خۆیان بۆ گیانبەختکردووانی ڕۆژنامەنووسی ڕێگای حەقیقەت دەربڕی و جەختیان کردەوە، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کار لەسەر دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان و بە تایبەت دۆسیەی گوڵستان تارا و هێرۆ ئیبراهیم دەکەن، کە دوو لەو ڕۆژنامەنووسە ژنانەن لە ساڵی ٢٠٢٤دا تیرۆر کراون و ناویان لەسەر مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت هەیە.