"بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانیان بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان زیادکردووە"

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان،  ئازادی"، وێڕای ئاماژەدان بە توندوتیژی دژی ژنان و زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدان، ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئیسلامی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی دژ بە خەڵک لە سزا دەپارێزن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سەروبەندی دووەەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە وێڕای ئاماژەدان زیادبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان و ژمارەی لەسێدارەدان، ڕایگەیاندووە کە خەڵکی ئێران لە ژێر سەرکوتی دڕندانەی ڕژێمی ئیسلامی لە دژی ئەم بزووتنەوەیە و لە کەشوهەوای پارێزبەندی سیستماتیک لە سزادان، ئەنجامدەرانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە ئێران بەردەوامن لە ژیان.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بە ئاماژەدان بە لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکاریی کاریگەر، بێلایەنانە و سەربەخۆ لە پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤ و تاوانە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش بەکارهێنانی بەرفراوان و نایاسایی هێز و چەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە ماوەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ١٦ ئەیلوول تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ئەنجامدراون، نەکراوە.

 

ڕاشگەیەندرا کە هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی  ئیسلامی چەکی سەربازی و دەمانچەی ساچمەیی  و گازی فرمێسکڕێژیان بە کار هێناوە و خۆپیشاندەران بە توندی لێدراون و ئەم کارانە بووە هۆی کوژرانی سەدان خۆپیشاندەر و ڕێبوار و دەیان منداڵ و زیانێکی قەرەبوو نەکراوەی بە چەندین کەسی دیکە گەیاندووە.

 

به پێی ئەم ڕاگەیەندراوه ، دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران هەوڵیان داوه ئەو بنەماڵانەی که به دوای ڕاستی و جێبەجێکردنی دادپەڕوەڕیدا دە گەڕێن، به دەستبەسەرکردنی ئارەزووانه، لێپێچینەوەی ناڕەوا و هەڕەشەی کوشتن و هەڕشەکردنی بەردەوام بێدەنگیان بکەن.

 

بەرپرسانی ڕژێمی ئێران هێرشەکانیان چڕ کردووەتەوە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی ڕژێمی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ چڕتر کردووەتەوە، لە ڕێگەی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی زیاتر لە دژی ئەو کەسانەی کە تەحەدای یاساکانی حیجابی زۆرەملێ هەڵاواردن دەکەن، "شەڕێکیان دژی ژنان" دەستپێکردووە و بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانیان بۆ بێدەنگی ناڕەزایەتییەکان زیاد کردووە.

 

دیانا ئەلتەهاڤی، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەم ڕاگەیاندراوەدا وتی: لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەی ئینکاری و شێواندنیان دەستپێکردووە، لە غیابی هیچ ئاسۆیەک بۆ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن لە ناوخۆی ئێراندا، پێویستە دەوڵەتەکان لە ڕێگەی لێپێچینەوەکانی خۆیانەوە، لێکۆڵینەوەی تاوانکاری سەبارەت بەو تاوانانە دەستپێبکەن کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ بەرپرسانی ڕژێمی ئێران.

 

دیانا ئەلتەهاڤی ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە "بیرهێنانەوەیەکی پڕ لە ئازار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران" ناوبرد و وتی: خەڵک هێشتا بەدەست دەرئەنجامەکانی سەرکوتی دڕندانە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەناڵێنێت، قوربانیان و ڕزگاربووان و بنەماڵەکانیان هێشتا ناتوانن بگەنە ڕاستییەکان، قوربانیان، ڕزگاربووان و خێزانەکانیان لە دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکارییە قورسەکانی دیکەی مافی مرۆڤ کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئیسلامی لە کاتی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین ئەنجامدراون، بێبەش دەکرێن.

 

"شەڕ دژی ژنان چڕتر بووەتەوە"

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا سەبارەت بە چڕبوونەوەی شەڕی دژی ژنان لە ئێران و ئاماژە بە دەستپێکردنی پڕۆژەی نور و زیادبوونی بەرچاوی دەورییە ئەمنییە جۆراوجۆرەکان لە شوێنە گشتییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حیجابی ژنان، بۆ تەقەکردنی ئەفسەرانی پۆلیسی ئێران بەرەو ئۆتۆمبێلەکەی ئارەزوو بەدری تەمەن ٣١ ساڵ و بریندارکردنی، هەروەها مامەڵەی توندی پۆلیسی ئەخلاق لەگەڵ نەفەس حاجی شەریف، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ و هاوڕێکەی، بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی دڵخواز کرد.

 

"سزای لەسێدارەدان زیادی کردووە"

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"وە، بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دوو هێندە زیادی کردووە: "ساڵی٢٠٢٣  ئەو ساڵەیە کە ژمارەی پێوانەیی لە سێدارەدان لە هەشت ساڵی ڕابردوودا شکا، دەسەڵات ئەم سزایە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و تیرۆرکردنی خەڵک بەکاردەهێنێت، سزای لەسێدارەدان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی جێبەجێ دەکرێت، بەتایبەتی لەنێو خەڵکی بەلووچدا".

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی (غوڵامڕەزا)، یەکێک لە ناڕازیانی ڕاپەڕینەکە کراوە، کە بە گوێرەی لێبوردنی نێودەوڵەتی "بە نهێنی لەسێدارەدراوە"، سزای سێدارە بۆ زیندانی سیاسی موجاهید کورکور، مەترسی لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەمەدی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، پەخشان عەزیزی، چالاکی مەدەنی کورد، نەسیم غولامی سیمیاری، چالاکی مەدەنی و چالاکی سیاسی کورد، لەنێو دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، پرسگەلێکی ترن کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی کردووە.

 

"توندوتیژی سێکسی، چەکێکی چەوساندنەوە"

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئیسلامی بەردەوام ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی خراپیان، لەوانە دەستدرێژی سێکسی و جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی سێکسی لە زیندانەکاندا کردووە و نووسیویەتی: هێزەکانی ئاسایشی ئێران و ئیتلاعات ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی بەرفراوانیان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دەستگیرکراودا کردووە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشنیاری بۆ لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە هەموو دەوڵەتەکان لەسەر بنەمای دادوەری گشتگیر دەست بە لێکۆڵینەوەی تاوانکاری دژی ئەو بەرپرسە ئێرانییانە بکەن، کە گومانی ئەنجامدانی تاوانیان لەسەرە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.