بە نهێنی دانیشتن بۆ دۆسیەی کچێکی ئێزدی ڕفێندراوی دەستی داعش بەڕێوەچوو

پێش یەکلاکردنەوەی دانیشتنی دۆسیەی ئەو کچە ئێزدیەی کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرا و لە تورکیا فرۆشرا، لێدوانێک درا و وترا: "ژمارەی ئەو منداڵانەی کە دەبنە قوربانی تاوانی سێکسی لە ماوەی ١٠ ساڵدا ٣ هێندە زیادیکردووە".

ناوەندی هەواڵ

 

لەبارەی ئەو کچە ئێزدییەی لە ساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن داعشەوە ڕفێندرا و هێنرایە تورکیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا (تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕەش) بۆ فرۆشتن خرایە بازاڕەوە، ڕێکخراوە یاساییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەر لە دانیشتنی حەوتەمی دۆسیەکە ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، پارێزەر نوردان کلیچ ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند، دەیانەوێت دادگاییکردنی ئەو کچە ئێزدییە بیشارنەوە، "منداڵێکی دیکە لە سێگۆشەی دەوڵەت-خێزان-تەریقەتدا ژیانی لەدەستدا، نارین یەکەم کەس نەبوو".

 

"١٤ کچ کوژران"

نوردان کلیچ داتاکانی ئەو ڕاپۆرتەی بڵاوکردەوە کە لەلایەن سەنتەری مافی منداڵانەوە بڵاوکراوەتەوە، دەستنیشانی کرد، لانیکەم ١٤ منداڵ لە ٧ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراون و وتی: بەپێی داتاکانی سەنتەری مافی منداڵانی فیسا لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە، لانیکەم ١٣٣ منداڵ لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانی و کوشتنی منداڵان و مردنی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ٣٢ منداڵ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، ١٧ منداڵیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستدا. تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٦٦ هەزار منداڵ بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی دادگایی کراون، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بوونەتە قوربانی دەستدرێژی و گەیشتنە دەست هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی ١٠ ساڵدا سێ ئەوەندە زیادی کردووە.

 

مستەفا کۆرئۆغڵو، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئەنقەرە وتی: بەرکین، ئوغور، لەیلا و ئێستاش نارین، هەموویان منداڵ بوون و دواجار لەناو کیسەیەکدا لە لای ڕووبارێک بینیمانن، ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک بۆ مافەکانی منداڵان ڕابکێشن، بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بکەنەوە، بەڵام ئەو کەسانە لە کوێن کە لە ڕاستیدا دەبێ بەرەنگاریی ئەم بابەتە بن؟ لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ کوشتنێک دەکەین، بەڵام دەبینین هیچ لێدوانێک سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان نییە، لە ئەنجامدا پێمان دەڵێن 'ئەوە بابەتی خێزانی ناوخۆییە'، ئەگەر بەڕاستی شەڕ بۆ شتێک دەکەیت لەسەر زەوی، پێویستە بۆ منداڵەکان بێت، هەر بۆیە دەڵێین بەسە.

 

دوای ڕاگەیاندنی ئەو دۆسیەیە، پارێزەرانی دۆسیەکە بەشدارییان لە دانیشتنی دادگای باڵای تاوانە قورسەکانی پازدەهەمی ئەنقەرە کرد.