لە ئەفغانستان زیاتر لە ملیۆنێک ژن و منداڵ لە خزمەتگوزاری بێبەشن

بەرنامەی خۆراکی جیهانی پشتڕاستیکردەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ و ژنان لە ئەفغانستان بەهۆی کەمی بودجەوە لە هاوکاری بێبەشن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاستەوخۆ دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ئەفغانستان، بزووتنەوەی تاڵیبان یاسا و سنووردارکردنی بەسەر ژناندا سەپاند، لەوانە ڕێگریکردن لە کارکردنیان لە فەرمانگە حکومییەکان، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی ئەو خێزانانە هەبوو کە ژنان بەڕێیانەوە دەبەن بۆیە بووە هۆی ئەوەی هەژاری لە وڵاتدا زیاد ببێت.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ لە ڕاپۆرتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیX  ڕایگەیاند، نەبوونی بودجە و هاوکاری نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵان دروستکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک لە ژن و منداڵ لە خزمەتگوزاری بێبەش ببن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە هاوینی ئەمساڵدا بە بەراورد بە کۆی گشتی ئەو ژنانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا پاڵپشتی پرۆگرامی خۆراکی جیهانییان وەرگرتووە ٦٠٠ هەزار ژنی دووگیان و شیردەر هاوکاری وەرناگرن.

 

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی کەمکردنەوەی هاوکارییەکان لە ساڵی ڕابردووەوە ژمارەی ئەو منداڵانەی بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، زیادیکردووە هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی خۆراکەوە ڕایگەیاندووە، لە ئەفغانستان ٣ ملیۆن منداڵ بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.