یەپەژە پێشوازی لە خەباتی ژنانی هیندستان کرد

فەرماندەیی یەپەژە پێشوازی لە خۆپیشاندانی ژنانی هیندستان کرد و داوای لە ژنان کرد بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" خۆیان ڕێکبخەن و هێزی بەرگری خۆیان بنیاد بنێن.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ژنان لە هیندستان بڵاوکردەوە، کە دوای دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی ڕاهێنەری پزیشکی و کوشتنی دەستیپێکرد.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛

خەباتی ژنان بۆ ئازادی و یەکسانی و ژیانێکی شکۆمەندانە لە هەموو جیهاندا فراوانتر دەبێت، بە پێچەوانەی ئەم سەرهەڵدانانە، سیستمی سەرمایەداریی پیاوی دەسەڵاتدار بە شێوازی توندوتیژی و دەستدرێژی و جینۆساید هێرش دەکاتە سەر ژنان و هەوڵ دەدات باڵادەستی خۆی بپارێزێت.

 

ئەمڕۆ لە هیندستان کولتووری توندوتیژی و خراپ بەکارهێنان لە بەرزترین ئاستدایە، لە پاش ئەو ڕووداوەی کە ڕوویدا ژنان و خەڵکی هیندستان هەستان و چالاکیی جەماوەرییان ئەنجامدا، بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەڵوێستی خۆیان نیشان دا.

 

ئێمە وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە، ئەم ڕووداوە ترسناکە ئیدانە دەکەین و داوا لە هەموو ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان دەکەین کە لە بەرامبەر هەموو جۆرە فشار و توندوتیژی و دەستدرێژی و چەوساندنەوەی جەستەیی و دەروونی دژی ژنان دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە، پێویستە بکوژان و دەستدرێژیکاران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

 

"ئێمە خەباتێکی فرەلایەنە لە دژی ئەو هێرش و کردەوانە بەڕێوە دەبەین"

ئێمە وەک یەپەژە خەباتمان لە دژی سیستمی پیاوسالاری ئەنجامدا، کە لە کەسایەتی داعش و گروپەکانی دیکەی ناوچەکەماندا لەشکرکێشی و جینۆساید و خراپ بەکارهێنان و تاڵانکردنیان ئەنجامدا، لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بەشێوەیەکی دڕندانە دەستدرێژی دەکرایە سەر ژنان، ژنان وەک کۆیلە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشران و هەموو مافەکانیان لێ زەوت دەکران، ئەو کارەساتە جدییەی کە ژنانی ئێزدی تووشی بوون، لە یادەوەری هەموو مرۆڤایەتیدایە، ئێمە بە بوێری و باوەڕ و ڕێکخراوێکی بەهێزەوە لە دژی ئەو چەتانە شەڕمان کرد، بەرەنگاری بووینەوە و شکستمان پێهێنان، بۆ ئەوەی ژنانی ئێزدی، مەسیحی، کورد و عەرەب لە دڕندەیی داعش ڕزگار بکەین، بەرخۆدانی گەورەمان نیشان دا.

 

ئێستاش دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی لە ناوچەی ئێمە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنی تێکۆشەر و ئازادیخواز و فەرماندە و شەڕڤانانی یەپەژەمان دەکاتە ئامانج، لە خاکە داگیرکراوەکانماندا سەرباز و بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕۆژانە دەستدرێژی و ڕفاندن و کۆمەڵکوژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن، بێگومان لە بەرامبەر ئەو هێرش و کردەوە دڕندانەیەدا خەباتێکی فرەلایەنە بەڕێوە دەبەین و هێزی بەرگریمان بەهێز دەکەین.

 

"ژنان لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستیان بە بەرگریکردنە لە خۆیان"

ئێمە زۆر باش دەزانین کە کولتووری خراپەکاری سیستمی پیاوسالاری سیستمێکی جیهانییە و مێژوویەکی کۆنی هەیە، هەر بۆیە ئەمڕۆ لە هیندستان دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان، لە ئێران چالاکوانانی ژن هەڵدەواسرێن و هاوسەرگیری منداڵان لە عێراق یاسایی کراوە، لە ئەفغانستان ژنان لە هەموو مافە مرۆییەکانیان بێبەش بوون، بۆیە پێویستە شەڕی ئەم سیستمە جیهانی و فرەلایەنە و بەهێز بێت، هەموو ژنە تێکۆشەرەکان و ڕێکخراوەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان، واتە هەموو کۆمەڵگە زانیارییان هەبێت لەسەر ئەم ڕاستییە و بە یەک دەنگ بەرامبەر هێرشەکان بوەستنەوە.

 

بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو بنیاد بنرێت، زیاتر دەتوانێت هێزی بەرگری سروشتی خۆی بنیاد بنێت، بێگومان ژنان لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستیان بە پاراستنی خۆیان هەیە، ئەمەش لە ئەنجامی ڕێکخستنەوە دەکرێت، ئێمە وەک ژن پێویستمان بەوەیە زیاتر ئاگاداری یەکتر بین و پێکەوە بین و پاڵپشتی یەکتر بین، بەم واتایە سەرهەڵدانی ژنان و خەڵکی هیندستان زۆر بەنرخ و واتادار دەزانین ئەگەر ئەم سەرهەڵدانەوەیە بگۆڕێت بۆ ڕێکخراوێکی بەهێز، دەتوانن کۆتایی بە سیستمی حوکمڕانی ستەمکار بهێنێنن.

 

"پێویستە بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' خۆیان ڕێکبخەن"

بێ گومان فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئەنجامی ماندووبوون و تێکۆشاندا بە ئێمەی ژنانی بەخشی، ڕێگای ڕزگاربوون لە چەمکی پیاوی باڵادەست و دەستدرێژیکار نیشان دا، ئێمە وەک یەپەژە، هەر لە سەرەتای خەبات و شەڕی ئازادیمانەوە ئەم فەلسەفەیەمان کردۆتە بنەما، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەم فەلسەفەیە گەشەی کرد و لە ڕاپەڕینەکانی ژینا ئەمینی و لە ڕاپەڕینەکانی ژنانی جیهان و تەنانەت ئەمڕۆش لە ڕاپەڕینەکانی هیندستان ئەم فەلسەفەیە گۆڕا بۆ فۆرمێک لە خەبات و لە هەموو شوێنێکدا دەنگی داوەتەوە، لەسەر ئەم بنەمایە شۆڕشی ژنان دەبێتە جیهانی و ئێستا کاتی بنیادنانی سیستمی ژنانی کۆنفیدڕاڵی دیموکراسییە.

 

ئێمە سڵاو لە بەرخۆدانی بەنرخی ژنانی هیندستان دەکەین و پشتیوانی خۆمان دەردەبڕین، بەم واتایە داوا لە ژنانی هیندستان و هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە بە هیچ شێوەیەک دەست لە خەباتی خۆیان هەڵنەگرن و بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' خۆیان ڕێکبخەن و هێزی بەرگری خۆیان بنیاد بنێن.