ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان داوای لێکۆڵینەوە لە دۆخی زیندانی ئەوین دەکەن

٤٣ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ داوا دەکەن لێکۆڵینەوە بکرێت لەو پێشێلکارییانەی لە زیندانی ئەوینی ئێران بەرامبەر ژنان دەکرێت بەتایبەت ئەو ژنانەی دژی لە سێدارەدان دەوەستنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

٤٣ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی دژی ژنان لە زیندانی ئەوی دەکەن و لەو بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەو ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤدا کە بە چوار زمانی جیهانی بڵاوکراوەتەوە و هاتووە، لە ئێستادا نزیکەی ٧٠ ژنە زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەویندا هەن و ئەو ژنانە تەنیا بە هۆی خەبات لەپێناو ئازادی و مافی مرۆڤ لە ئێراندا گیراون و زیندانی کراون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، نیگەرانی خۆمان لە لێدانی ژنە زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ئەوین دەردەبڕین، پاڵپشتیی ۆمان بۆ ئەو ژنانە و سەرجەم ئەو چالاکوان و هاووڵاتییانە دووپات دەکەینەوە کە داکۆکی و بەرگری لە مافەکانیان دەکەن، لەو زیندانەدا ئەو ژنانەی بەهۆی دەرىڕینی ناڕەزایەتیەوە توشی ئەنشکەنجە و لێدان و برینداری بوون بێبەش دەکرێن لە چاودێری پزیشکی گونجاو و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، بەرپرسانی زیندانەکە وەڵامی داواکاری زیندانییەکان نادەنەوە دەربارەی تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی پاسەوانانی زیندانەکە.

 

داوا دەکەین بەپەلە سزای لە سێدارەدانیی ژنان لە زیندانەکەدا ڕابگرن و سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکەن، داواش دەکەین بە خێرای ڕێوشوێنەکانی دەستەبەرکردنی سەلامەتی جەستەیی و دەروونی زیندانیان بگیرێتە بەر لە ئێران بەگشتی و بە تایبەتی بۆ ژنانی زیندانی ئەوین، هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی ئازادانە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە زیندانی ئەویندا بە مەبەستی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەربارەی توندوتیژی دژی ژنانی زیندانی سیاسی ئەنجام بدرێت.