"کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی ژنان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' پێکدێت"

ئەڤین پاشۆ، چالاکوانی ژن باسی لە دەستدرێژی و کوشتنی ژنە پزیشکێکی هیندستان کرد و ڕایگەیاند، دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە هیندستان نیشانەی ئەوەیە کە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی ژنان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" پێکدێت.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ژنانی هیندستان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" چوونە مەیدان و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە دەستدرێژیکردنە سەر ئەو پزیشکە ژنەی کە لە ٩ی ئابدا کوژرا و بەهۆی ئەو ڕووداوەوە ناڕەزایەتی لە هیندستان بەردەوامە.

 

"ژن، ژیان، ئازادی، شۆڕشێکی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بونیاد نا"

ئەڤین پاشۆ، چالاکوانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاماژەی بەوەکرد، قەیرانەکانی جیهان بە تایبەت لەسەر کۆمەڵگە و ژنان گەیشتوونەتە ئاستی کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆسایدو وتی: زۆربەی ژنان باجێکی قورسیان داوە، ئەو سنوورانەی سیستمەکە بەسەر ژناندا سەپاندوویەتی هەم لە ناوخۆی ماڵ و دەرەوەی ئەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژین لەگەڵ گەشەسەندنی پیاوسالاری باڵادەست بەردەوامە، سنوورێکی دیکە کە تایبەتە بە ژنان، مانەوە لە سنوورە نیشتمانییەکانیاندایە، ئەو سنوورانەی بەسەر ژناندا سەپێندرا لەگەڵ بەهێزبوونی سیستمی دەسەڵاتداریدا فراوانتر و گەورەتر بوو، ئازادی تاک یان ئازادی کە ژنان سوودی لێ وەرنەگرن هیچ مانایەکی نابێت، بۆیە کاتێک کاک ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"ی خستەڕوو، ئەم فەلسەفەیە شۆڕشێکی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بونیاد نا، بەپێی ئەم فەلسەفەیە نابێت ژن له ژیان و ئازادی داببڕدرێت و ژیانی بێ ژن و ئازادیش ژیانێکی بێمانایه .

 

"دەبێت قەیرانەکان لەسەر ژنان کۆتاییان پێبێت"

 ئەڤین پاشۆ ڕایگەیاند بە "ژن، ژیان، ئازادی" پێویستە کۆتایی بەو قەیرانانەی بێت کەبەسەر ژناندا دێت وتیشی: لە ڕێگەی بیرو خۆشەویستی و هێز و خەباتی ژنانەوە، ئەو شکستانەی کە ژنان لە سەدەی ٢١دا بینیویانە تێدەپەڕێن و دەبێتە شکستی سیستمە دەسەڵاتدارەکان، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دروشمی ژنانی کوردستانە، بەڵام لەبەرئەوەی فەلسەفەیەکە مانای ئازادی و ژیانە، بۆتە هێمای خەباتی ژنان لەسەر ئاستی جیهانی و ئەمەش لە ڕاپەرینی "ژن، ژیان، ئازادی" بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەرکەوت، لە ئەفغانستان کردەوە دژ بە ژنان و پێشێلکردنی ماف و ناسنامەیان بەردەوامە، جارێکی دیکە لەوێ ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تێدەکۆشن، خەباتی ژنان بەم فەلسەفەیە واتای خۆی هەیە.

 

"ڕاپەرینی ژنانی هیندستان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" واتای خۆی هەیە"

ئەڤین پاشۆ سەرنجی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر پزیشکێکی ژن لە هیندستان و کوشتنی ڕاکێشاو وتی: لە هیندستان هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان ڕەوایە، لە مامۆستاوە تا پزیشک و کرێکار، توندوتیژی جەستەیی یان دەروونی، هەمیشە ڕەوایە، کوشتنی ئەو پزیشکە ژنە ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەو دڕندەییەیە کە لە هیندستان ڕوویداوە و ئازارەکەی بۆ هەموو گۆشەکانی جیهان بڵاوبووەتەوە، بەداخەوە ئەو توندوتیژی و سووکایەتییەی کە ڕوودەدات بێدەنگییەکی گەورەیە و مەترسیدارترین شتە، خەباتی ژنانی کورد دەبێتە میراتی ئەو خەباتەی کە سەدان ساڵە بەردەوامە، ئەو ڕووداوەی کە ئەو پزیشکە هیندییە لە هیندستان ئەزمونی کرد، ڕووخساری ئازاردان نیشان دەدات، لە خوشکانی میرابالەوە تا ئەمڕۆ، چونکە ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە هیندستان بۆ پزیشکە ژنەکان دەستی پێکردووە، دوور نییە لە خەباتی ئەو سێ خوشکە.

 

"کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیی ژنان دان بە هیچ سنوورێکی جوگرافی و ئایینی و نیشتمانیدا نانێت"

ئەڤین پاشۆ گرنگی خەباتی ژنانی لە بونیادنانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی ژنان لەسەر ئاستی جیهانی دەربڕی و وتی: کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی ژنان دان بە هیچ سنوورێکی جوگرافی و ئایینی و نیشتمانیدا نانێت، ئەوەی ئێمە کۆدەکاتەوە ناسنامەی ژنە و تەنها یەک دۆزمان هەیە، ئەویش دۆزی ئازادی ژنە، بۆیە سنوورەکانی ئێستا لەژێر فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی ئەمڕۆ لەناو دەچن، ئەمە چۆن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەنگی دایەوە، لە ئەفغانستان و ئەفریقا و ئەمریکا و تەنانەت ئەمڕۆش لە هیندستانیش دەنگدانەوەی بەردەوامە، بۆیە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی ژنان بەم شێوەیە دروست دەبێت، "ژن، ژیان، ئازادی" یەکڕیزی بیروڕای ژنانی لە ئاستی جیهانیدا نیشان دا و پریشکی ڕێپێوانی ئازادی ژنانیش لە ئاستی جیهانیدا گەشاوەتر دەبێت، بۆیە ئێستا چاوەڕوان دەکرێت بناغەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی ژنان بە ئاڕاستەیەکی دروستدا بێت، فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی ئێستا خەریکە دەبێتە فەلسەفەیەکی جیهانی، هەرچەندە ئازادی ژنان لەسەر ئاستی جیهانی بەهێزتر بێت، توندوتیژی زیاتر کەم دەبێتەوە.

 

"ئێمە لەسەر ئەو بۆچوون و باوەڕەین کە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی ژنان ئەنجامی دەبێت"

ئەڤین پاشۆ باسی لەوەشکرد، هێڵی ئازادی هێڵێکی سەختە و ئەوانەی ئازادی هەڵدەبژێرن دەبێت لە هەموو لایەکەوە خۆیان بۆ خەباتێک ئامادە بکەن و وتی: بەبێ خەبات ئازادی دەستەبەر ناکرێت، لە پێناو ئازادیدا ژنان باجێکی قورسیان داوە، نزیکترین نموونە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، کە تەنانەت دوای دوو ساڵ، ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و هێرش و سێدارە دەبنەوە، بۆ ئەوەی ئەو کارانەی ئێستا لە هیندستان بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ژنە پزیشکێک، نەبن بە کردەوەی شۆڕشگێڕانە و شۆڕشێکی ژنان، هەمان هەوڵەکانی سیستم و حکومەت بەردەوامە، لە ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی کە سیستمی ژنان تێیدا پەرەی سەندووە، دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان و دەکوژرێن و دەڕفێنرێن، بۆیە پێویستە ئەوانەی ڕێگای ئازادی هەڵدەبژێرن خۆیان بۆ سەختترین ئەزموونەکان ئامادە بکەن، گرنگترین شت ئەوەیە کە مرۆڤەکان ناوەستن، لە ١٢ ساڵدا، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی سیستماتیکی ئەندازیارانی ئەم شۆڕشە دەکرێنە ئامانج، بۆیە پێویستە ژنان هاودەنگی خۆیان بەهێزتر بکەن، ئێمە لەسەر ئەو بۆچوونەین کە ئاژاوە و ناڕەزایەتییەکانی دەرەوەی کوردستانیش دەرئەنجامی باشی دەبێت، شۆڕشی ئێمە لێرە چۆن توانی شوناس و دۆزی ژن یەکبخات، لە شوێنەکانی دیکەش هەمان دۆخ ڕوودەدات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەڤین پاشۆ ئاماژەی بەوەدا، ژنان نابێت چاوەڕێی سیستم و حکومەت بکەن و پێویستە پێشەنگایەتی گۆڕانکاری لە وڵاتەکەی خۆیاندا بکەن.