ئیسرائیل هێرشی کردە سەر خوێندنگەیەک لە غەززە و نزیکی ١٠٠ کەس گیانی لەدەستدا

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر خوێندنگەیەک کە فەلەستینییە ئاوارەبووەکانی تێدا دەمێننەوە، نزیکەی ١٠٠ فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا کە دووانیان ڕۆژنامەنووسن،

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بێ وەستان بەردەوامن، لە هێرشەکانی کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ٣٩ هەزار و ٦٩٩ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە کە ١٦ هەزار و ٣١٤ منداڵ و ١٠ هەزار و ٩٨٠ ژنی لە خۆ گرتووە.

 

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی وافا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر خوێندنگەی تابین کە کۆچبەرەکان تێیدا بوون لە ڕۆژهەڵاتی غەززە، لەو هێرشەدا نزیکەی ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، دەیان کەسیش برینداربوون.

 

تاوانی جینۆساید

لە بەیاننامەکەدا کە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە: سوپای داگیرکەری ئیسرائیل هێرشی کردە سەر خوێندنگەیەک لە غەززە و زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون، ئەمەش دەکەوێتە ژێر تاوانی ڕوونی جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەیی، سوپای داگیرکەر ڕاستەوخۆ بۆردومانی ئەو کۆچبەرانەی کرد کە بەیانیان نوێژیان دەکرد و بەو هۆیەوە ژمارەی گیان لەدەستدان زیادی کرد، بەهۆی دڕندەیی کۆمەڵکوژییەکە و زۆری ژمارەی شەهیدان، تیمە تەندروستییەکان، بەرگری شارستانی، تیمەکانی فریاگوزاری و بارودۆخی نائاسایی هێشتا کار لەسەر ڕوونکردنەوەی ژمارەکە دەکەن، لە بەیاننامەکەدا بانگهێشتی سەرجەم هێزە نێودەوڵەتییەکان کراوە بۆ شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە و داوایان لێکراوە ئەو کۆمەڵکوژییە ڕابگرن.

 

منداڵان گیانیان لەدەستدا

بە پێی ئەو بەیاننامەیەی یەکینەکانی بەرگری شارستانی لە غەززە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان ماڵێکیان لە شاری دێر بەلا لە بەشی ناوەڕاستی کەرتی غەززە کردە ئامانج بەهۆیەوە سێ منداڵ و چوار هاوڵاتی مەدەنی لە ماڵەکەدا گیانیان لەدەستدا، چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.

 

باشووری لوبنان هێرش کرایە سەر

ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لە سەیدا لە باشووری لوبنان کردە ئامانج و سەمیر حاج بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس گیانی لەدەستدا، بە پێی هەواڵی ئێن ئێن ئەی سوپای ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لە شاری سەعیدە لەسەر ڕێگای نزیک کەمپی پەنابەرانی عەین حەلوا کردە ئامانج، هەروەها دوو هاوڵاتی مەدەنی کە لە بەنزینخانەکە بوون لە هێرشەکەدا بریندار بوون.

 

دوو ڕۆژنامەنووسی دیکە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە لە بەیاننامەیەکی نووسراودا زانیاری لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسانە داوە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بە پێی ڕاگەیاندنەکە لە هێرشەکەدا کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیدا، تەمیم ئەحمەد کە لە تەلەفزیۆنی فەڵەستین کار دەکات و کرێکاری ئەقسا، ڕۆژنامەنووس عەبدوڵڵا ماهیر گیانیان لەدەستدا، لەو بەیاننامەیەدا بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی و کوشتنیان شەرمەزار کرا، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ڕۆژی هێرشەکەوە لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە بریتیبوون لە  ١٦٨ ڕۆژنامەنووس.