"لە دژی سیاسەتەکانی قڕکردن بە پێداگرییەوە بەرخۆدان دەکەین"
ژنانی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ شەهبا و بەردەوامن لە بەرخۆدانیان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی قڕکردن ڕایانگەیاند، بە سیاسەتی هێرش و گەمارۆ ناتوانن ئیرادەی کۆچبەران بشکێنن و تا سەرکەوتن بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان.
حەسنا محەمەد
شەهبا- هەر لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە دانیشتووانی عەفرین لە شەهبا لە ناو سەختیدا بەردەوامن لە بەرخۆدان، لە لایەک هێرشە داگیرکەرییەکان، لە لایەکی دیکەوە حکومەتی شام ماوەی ٧ ساڵە سیاسەتی گەمارۆدانی خۆی بەسەر کۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا سەپاندووە و ڕێگە نادات پێداویستییە ژیانی و تەندروستییەکان بگاتە ناوچەکە،ئەم سیاسەتانەی کە لەسەر ئاوارەکانی عەفرین ئەنجام دەدرێن، ئامانجیان شکاندن و لاوازکردنی ئیرادەیانە، دژی ئەم سیاسەتانە، پەیام و بڕیاری کۆچبەران هەمیشە بەرخۆدان و خەباتی گەڕانەوەیە بۆ عەفرین.
ژنانی عەفرین کە کۆچیان بۆ کانتۆنی شەهبا کردووە و تا ئەم ساتە بەردەوامن لە بەرخۆدان، بۆچوونی خۆیان سەبارەت بەو سیاسەتانەی دوژمن کە لەسەریان جێبەجێ دەکرێت دەربڕی.
"بە سیاسەتی پیس ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن"
گونەی حەسون ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوام دەبن لە بەرخۆدانی خۆیان لە بەرامبەر هێرش و سیاسەتەکانی دوژمن و باسی لە ژیانی ناوچە کۆچبەرەکان کردو وتی: لە ناوچەکانی کۆچبەری لە دژی هەموو جۆرە سیاسەتێکی دوژمنکارانە بەرخۆدان دەکەین و هەرگیز رادەست بوون قبوڵ ناکەین، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەموو ڕۆژێک هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە ئەنجام دەدات، ئێمە بەرخۆدان دەکەین، هەرگیز لە تفەنگ و چەکی ئەردۆغان ناترسین. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی شام گەمارۆی خۆی بەسەر کۆچبەراندا دەسەپێنێت و ڕێگە نادات پێداویستییە گرنگەکان بچنە ناوچەکە و هەروەها دەرمانیش قەدەغە دەکات، ئێمە پەیامی خۆمان بۆ داگیرکەران دەنێرین و دەڵێین کە ئەوان ناتوانن بە هێرشەکانیان ئیرادەی ئێمە لاواز بکەن، بوونی ئێمە لە شەهبا گەڕانەوەی عەفرین بە کەرامەتەوە مسۆگەر دەکات.
"پێویستە حکومەتی شام دەست لە سیاسەتەکانی بەربدات"
گونەی حەسون لە کۆتاییدا داوای لە ڕێکخراو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد و هەروەها داوای لە حکومەتی شام کرد کە ئاگاداری ئەرکی خۆیان بن و وتی: داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین ئەرکی خۆیان بگرنە ئەستۆ، گەلی عەفرین لە شەهبا لە ژێر فشاردان و لە سەختیدا دەژین، داوا لە حکومەتی شام دەکەین سیاسەتی گەمارۆدانی خۆی ڕابگرێت، ئێمەی هاووڵاتیانی سووریا، دەبێت بە یەکگرتوویی خۆمان کۆتایی بە داگیرکارییەکان بهێنین و خاکی سووریا لە چەتەکان ڕزگار بکەین.
"ڕووبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبینەوە"
فەهیمە حەمۆ ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان بەرگەی هەموو بارودۆخە سەختەکانی ژیان دەگرن بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان و وتی: ئێمە ڕووبەڕووی هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا دەبینەوە، منداڵەکانمان ناتوانن بە ئاسوودەیی و بێ ترس بخەون، ٧ ساڵە لە بەرامبەر هێرشەکانی دوژمن بەرخۆدان دەکەین، ئێمە لە قوتابخانەکان جێگیر بووین و بەردەوامین لە بەرخۆدانمان بەهۆی بەڵێنمان بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین و ڕزگارکردنی لە دەستی داگیرکەران، با بەرگەی هەموو سەختیەکانی ژیان بگرین بۆ عەفرین، ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین تا هەموو کۆچبەران بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و گەلی سووریا بە ئارامی بژین.