یانزەیەمین فێستیڤاڵی ساکینە جانسز لە سویسرا دەستیپێکرد
فێستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز لە زیوریخی سویسرا بە دروشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان دەڕۆین" دەستیپێکرد.
ناوەندی هەواڵ
فێستیڤاڵی ژنانی ساکینە جانسز، هەموو ساڵێک بە یادی یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" سارا "ساکینە جانسز" بەڕێوەدەچێت کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا شەهید کرا، فێستیڤاڵەکە بە پێشەنگایەتی یەکیێتی ژنانی کورد لە سویسرا "یەژەکە-س" و بە پاڵپشتی نزیکەی ٣٠ ڕێکخراو و دەستپێشخەری ژنان، لە ناوچەی کاسێرنارێل لە زیوریخی سویسرا بە دروشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕسی ژنان دەڕۆین" دەستیپێکرد.
ناوچەی فێستیڤاڵەکە بە وێنە و پۆستەری ژنە شۆڕشگێڕەکان ڕازاوەتەوە کە لە خەبات بۆ ئازادی گەلی کورد و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گیانیان لەدەستداوە، فێستیڤاڵەکە بە ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، سەلما سورەر، ف ئەندامی یەژەکە وتاری دەستپێکی فێستیڤاڵەکەی پێشکەش کردو ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی جیهان لە فێستیڤاڵەکەدا کۆدەبنەوە و خەباتی ژنانی کورد ڕێگا بە ژنانی ستەملێکراو نیشان دەدات.
"ساکینە جانسز فەلسەفەی ژیانی گەریلایە"
ئۆزەن ئایتاچ بە ناوی یەژەکە-س قسەی کرد و تیشکی خستەسەر گرنگی ڕۆحی تێکۆشانی ساکینە جانسز و زەینەب کناجی و ڕوونی کردەوە کە خەباتی سارا و زیلان نەخشەی ڕێبازەکەیانە، ئۆزەن ئایتاچ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ساکینە جانسز فەلسەفەی ژیانی گەریلایە، یەک بە یەک هەموو ئاستەنگەکانی ژیانی تێپەڕاند و بەهێز بوو، تێکۆشان هەمیشە جێگەی شەرەف بووە بۆ ئەو، لە هەموو شوێنێک بوو، هەندێک جار فەرماندە، هەندێک جار شەڕڤان، هەندێک جار دیپلۆمات، هەندێک جار خوشک، هەندێک جار بەرخۆدێر، لە هەمووی گرنگتر، بە ئیرادەی خۆی ڕێگەی نیشان دەدا. خەبات و بەرخۆدانی ئەو بۆ ئێمەی ژنان میراتێکە.
"چالاکی زیلان سەرەتای سەردەمێکی نوێیە بۆ ئێممە"
لە درێژەی قسەکانیدا ئۆزەن ئایتاچ گەریلای پەکەکە زەینەب کناچی بەبیرهێنایەوە کە لە ساڵی ١٩٩٦ لە دەرسیم لە ئەنجامی گیانفیدایی شەهید بوو و وتی: چالاکی زیلان سەرەتای سەردەمێکی نوێیە بۆ ئێمە، خەباتی هەڤاڵان سارا و زیلان نەخشەی ئێمەن ئێستا خەباتی ژنانیان بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئەو میراتەی لێیانمان وەرگرتووە، "بە ژن، ژیان، ئازادی، پێکەوە بەرەو شۆرشی دەڕۆین".
فێستیڤاڵەکە بەردەوامە بە چالاکییە کولتووریەکان کە لەلایەن زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ژنانەوە ڕێکدەخرێن، ئەو دامەزراوانەی بەشدارن لە سازدانی فێستیڤاڵەکەدا بریتین لە؛ یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا "(YJK-S"، ژنانی گەنجی کورد "TekoJIN" ، ژنانی بەرگری ڕۆژئاوا، مەدیکۆ ئینتەرناشناڵ، فراوین لێسبێس کاساما، تەڤگەری ژنانی دیموکراتیکی ئەوروپا "ADKH" ، FIST، یەکێتی ژنانی سۆسیالیستی "SKB"، PDA، ژنی نوێ، تەڤگەری ئێلێڤی دیموکراتیک "FEDA"، کۆمەڵەکەی زیوریخ، سۆلیفۆندز، فراونبۆندنیس، دامەزراوەی نێودەوڵەتی ژنان "WÍLPF" ، یەکێتی ژنانی سۆسیالیستی "BFS"، پردی دیاربەکر زیوریخ، باستا، پارتی سۆسیالیستی "SP"، لیستی بەدیل "AL"، فراوینسترێیک "مانگرتنی ژنان" ، یونیمێنۆس، مۆر-سۆر کۆلێکتیڤ و بێثناهتین فراوین یونیون.