نۆیەمین فێستیڤاڵی کورتە چیرۆکی کوردی بە دابەشکردنی خەڵات کۆتایی هات

 نۆیەمین فێستیڤاڵی کورتە چیرۆکی کوردی کە لە ٨ی حوزەیران دەستیپێکردبوو، بە دابەشکردنی خەڵات کۆتایی هات.

قامیشلۆ

 

ڕۆژی ٨ی حوزەیران، نۆیەمین فێستیڤاڵی کورتە چیرۆکی کوردی لە ڕۆژئاوا لە لایەن یەکێتی نووسەرانی کوردی سووریا لە قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپیکردو بۆ ماوەی ٥ ڕۆژی بەردەوام بوو، لە ماوەی ٥ ڕۆژدا ٣٥ نووسەر لە ناویاندا ١٦ نووسەری ژن کورتە چیرۆکی خۆیان لەسەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستان خستەڕوو.

 

دوای گێڕانەوەی ٥ کورتە چیرۆکی کۆتایی، ئاهەنگێکی هونەری هەبوو کە تێیدا چەندین گۆرانی فۆلکلۆر وترانەوە، پاشان مەراسیمی دابەشکردنی خەڵات بۆ سێ براوە دەستیپێکرد، هاوکات سوپاس و پێزانین بۆ سەرجەم بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە پێشکەش کرا.

 

چیرۆکنووس میدیا بەرەکات خەڵکی عەفرین لە ڕۆژاڤای کوردستان بە کورتە چیرۆکی "ڕۆژی یەکشەممە" پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

 

چیرۆکنووس کەرەم تەکیئۆغڵو لە باکووری کوردستان بە کورتە چیرۆکێک بە ناوی "ئازاری زمان" و چیرۆکنووس ڤەژین کوردە خەڵکی عەفرین لە ڕۆژاڤای کوردستان بە کورتە چیرۆکێک بە ناوی "پەلین" پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.

 

 چیرۆکنووس ئارام عەلی خەڵکی قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بە کورتە چیرۆکەکەی بە ناوی "هیوای خەونە شیرینەکان" پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

 

"خۆت بە زمانی کوردی بناسێنە"

میدیا بەرەکات، کە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، سوپاسی یەکێتی نووسەرانی کوردی سووریای کرد کە لە ڕێگەی فێستیڤاڵەوە پشتیوانی چیرۆکنووسان دەکەن و وتی: کاتێک دوژمن دەیەوێت لەناومان ببات، پێش هەموو شتێک زمانمان قەدەغە دەکات، بۆیە گرنگترین شت کە پێویستە خۆمانی پێ بناسێنین؛ زمانی ئێمەی کوردییە، هیوادارم دەرفەتی زیاتر بۆ دروستکردنی فێستیڤاڵی چیرۆکی کوردی لەم جۆرە لە ڕۆژئاوادا هەبێت، جگە لەوەش پێویستە پشتگیری گەنجان و نووسەران بکرێت.

 

"هیوای ئەنجامدانی فێستیڤاڵی کوردی لە عەفرین و سەرێکانی"

میدیا بەرەکات وتیشی: وەک کورد هیوامان هەیە ڕۆژێک خەونەکەمان بێتە دی و کوردستان ڕزگاری بێت، عەفرینی ئێمەو خوشکەکەی سەرێکانی لە هەمان ئازاردان، ڕزگاریان دەبێت و لەسەر خاکی خۆمان لە نزیک چیای کرمەنج، با بە زمانی کوردی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە ڕێکبخەین.