٣٨ کۆچبەری ئەفریقی لە کەناراوەکانی یەمەن نقوم بوون

لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمەکەیان لە کەناراوەکانی شاری شەبوە لە باشووری یەمەن، لانیکەم ٣٨ کۆچبەری نایاسایی گیانیان لەدەستدا، کە لەناویاندا ژنانی میسری هەبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

شاری شەبوە لە باشووری یەمەن بە وێستگەی نێوان یەمەن و وڵاتانی کەنداو دادەنرێت بۆ کۆچبەرانی ئەفریقی، کە بە ڕێگەی نایاسایی کۆچ دەکەن، هەرچەندە کەنارەکانی یەمەن بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگاکان دادەنرێت، بەڵام دەیان هەزار کۆچبەری ئەفریقی پیایدا دەپەڕنەوە، بە تایبەت کۆچبەرانی وڵاتی ئەسیوبیا و سۆماڵ.

 

پلاتفۆرمی میدیایی "داهاتووی یەمەن" دوێنێ، ڕایگەیاند، لانیکەم ٣٨ کۆچبەری ئەفریقی لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمەکەیان لە کەناراوەکانی ئەلغەریف لە ناوچەی ڕودوم لە شاری شەبوە لە باشووری یەمەن گیانیان لەدەستداوە، لەناو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ٢٨ ژن و ١٠ پیاو بوون، هاوکات ٧١ کەس ڕزگارکراون و هێشتا گەڕان بەدوای دەیان کەسی بێسەروشوێندا بەردەوامە.

 

بەلەمەکە نزیکەی ٢٥٠ کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو، تا ئێستاش نازانرێت ئەو کۆچبەرانە دەهاتنەوە یەمەن یان دەگەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان لە کیشوەری ئەفریقا، تا ئێستاش هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن بەرپرسانەوە سەبارەت بە هۆکاری پشت نوقمبوونی بەلەمەکە نەدراوە و ژمارەی کۆتایی قوربانییەکانیش نازانرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەمەن هێشتا شوێنی سەرەکییە بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە هیوادارن بگەنە دەرفەتی ژیانێکی باشتر لە وڵاتانی کەنداو، ڕێڕەوی کۆچبەرانیش لە کیشوەری ئەفریقاوە بەرەو دەوڵەتانی کەنداو یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی کۆچکردن.
 

 

زۆرێک لەو کۆچبەرانەی کە ڕێگای ناڕێک دەگرنە بەر، یان بەهۆی خنکانەوە گیان لەدەست دەدەن یان لە بارودۆخێکی مرۆیی لەڕادەبەدەر سەختدا دەژین، ئەمەش بەهۆی قەیرانی مرۆیی یەمەن و سەختی گەیشتن بە وڵاتانی کەنداو.