"بە تێکۆشان و یەکڕیزی ژنان داوای لێپرسینەوە لە فەرمانەکە دەکەین"

 دەزگای ژنانی ئێزدی، لە بەیاننامەیەکدا، ئەو ١٩ ژنە ئێزدییەی لە ساڵی ٢٠١٦دا  لەلایەن داعشەوە سوتێندران ىەبیرهێنایەوەو ڕایگەیاند، لە ڕێگەی تێکۆشان و یەکڕیزی ژنانەوە داوایلێپرسینەوەی فەرمانە دەکەن.

شەنگال

 

دەزگای ژنانی ئێزدی شەنگال لە یادی سوتانی ١٩ ژنی ئێزدی بە زیندوویی لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە ناوەندی شاری موسڵ، بەهۆی موسڵمان نەبوون و بەڕۆژوو نەبوون، لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ڕێگەی تێکۆشان و بەرخۆدان و یەکڕیزیی ژنانەوە داوای لێپرسینەوە لەو فەرمانە دەکەن و داوای لە هەموو ژنان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی دیموکراتیک کرد دەنگیان بۆ دادگاییکردنی داعش و هاوبەشەکانی بەرز بکەنەوە.

 

بەیاننامەکەی دەزگای ژنانی ئێزدی بەم شێوەیەیە:

ئەو لێدوانەی دەزگای ژنانی ئێزدی بەم شێوەیەیە: ئیزیدی یەکێکە لە ئایینە کۆنەکانی سەر خاکی میزۆپۆتامیا،. کۆمەڵگەی ئێزدی بە درێژایی مێژوو ٧٤ قڕکردنی لەسەر ئەم خاکە تێپەڕاندووە، ژنان بە هەموو ڕیزبەندییەک کراونەتە ئامانج، لە  ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش فەرمانی ٧٤یان بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی شەنگالدا سەپاند، هەزاران ئێزدی ئاوارە بوون و کوژران و دیل کران، لەم ڕیزبەندییە گەورە و قورسەدا زۆرترین ئامانج ژنان و منداڵان بوون، چەتەکانی داعش هەزاران ژن و منداڵی کچی ئێزدییان ڕفاند و لە بازاڕەکانی موسڵ و ڕەقە فرۆشتیان و دەستدرێژییان کردنە سەر و کوشتیانن، گەلی ئێزدی کە بە دیل گیرابوون بەزۆر لە باوەڕیی ئێزدییان دوورخرانەوەو ئایینی ئیسلامیان بەسەردا سەپێندرا، تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵ و خەڵکی ئێزدی لەژێر دەستی چەتەکانی داعش نازاندرێت.

 

ڕۆژی ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦، لە مانگی ڕەمەزاندا، چەتەکانی داعش، ١٩ ژنی ئێزدییان بە زیندووی لە قەفەزی ئاسندا سووتاند، چونکە دەستبەردار نەبوون لە باوەڕی ئێزدی خۆیان، ئەم ڕووداوە ترسناکە کە لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبیندراوە، بە جیهانی نیشان دا کە داعش دڕندەترین و بەربەریترین ڕێکخراوی ئەم سەدەیە، تا ئێستا ناسنامەی ١٩ ژنی ئێزدی ئاشکرا نەکراوە و هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەم بابەتە نەکراوە.

 

ئێمە وەک دەزگای ژنانی ئێزدی، لە کەسایەتی ١٩ ژنی ئێزدیدا، هەموو شەهیدانی ئەو فەرمانەمان لەبیرە و بە ڕێزەوە سەری خۆمان بۆ یادیان دادەنەوێنین، ئەم ڕووداوە پڕ لە ئازارە توڕەیی ئێمە بەرامبەر بە دوژمن زیاتر دەکات، بە تێکۆشان و بەرخۆدان و یەکڕیزی ژنان داوای لێپرسینەوە بۆ ئەم ڕووداوە و فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ دەکەین و دەنگی خۆمان بۆ خۆپاراستن بەرز دەکەینەوە، لە کۆتاییدا وەک دەزگای ژنانی ئێزدی داوا لە هەموو ژنان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی دیموکراتیک دەکەین کە پێکەوە دەنگمان بەرز بکەینەوە بۆ دادپەروەری لە پێناو دادگاییکردنی داعش و هاوبەشەکانی.

 

"هەرگیز دەست لە دۆزی ئەوان بەرنادەین"

حەلیمە حسێن کە لە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ کەوتبووە دەست داعش و دواتر وەک هەزاران ژنی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی یەپەگە-یەپەژە-هەپەگە-یەژا ستار-یەبەژە و یەژەشە ڕزگارکرا ئاماژەی بەوەکرد، ١٩ ژنی ئێزدی لەبەرئەوەی وازیان لە باوەڕی خۆیان نەهێناوە سوتێندران و وتی: بۆ بەبیرهێنانەوەی ١٩ ژنی ئێزدی کە بە زیندووی لەلایەن چەتەکانەوە سوتێندراون بەهۆی ئەوەی دەستبەرداری باوەڕی خۆیان نەبوون، سوتێندران، هەرگیز واز لە داوای دۆزی ئەوان ناهێنین، وەک کۆمەڵگە هەمیشە فەرمانمان لەسەر جێبەجێکراوە، حکومەتی عێراق هەرگیز گوێ بە ئێزدییەکان نادات، ئەگەر حکومەتی عێراق ئێمەی بە هاوڵاتی عێراق بزانیایە، پرسیاری لە چارەنووسی ژنە دیلەکانمان دەکرد، تا ئێستا نازانین چەند ژنی ئێزدی لەژێر دەستی چەتەکاندا ماون.

 

"ئەو فەرمانە هێشتا لە بیرماندا زیندووە"

فەلەک شەنگالی وتی: ئەو ١٩ ژنە ئێزدییەمان لەبیرە کە لەلایەن داعشەوە لەناو قەفەسدا سوتێندران و هەرگیز لەبیریان ناکەین، ئازاری ئەو ژنانەی کە سوتێندران و کوژران هەمیشە لە دڵماندا دەبێت، ڕۆژی فەرمانەکە هێشتا لە بیرماندا زیندووە.