بەهۆی کاردانەوە لەسەر مردنی رەئیسی هەژماری بانکی شیرین نەجەفی بلۆک کرا

هەژماری بانکی شیرین نەجەفی خوشکی حەدیس نەجەفی، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەهۆی کاردانەوەی کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی، بلۆک کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو فاتمە حیدەری، خوشکی جەواد حەیدەری یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان ئازادی"، پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە بلۆککردنی هەموو هەژمارە بانکیەکانی شیرین نەجەفی، خوشکی حەدیس نەجەفیی یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی کاردانەوەکانی بەرامبەر بە کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران هەژمارە بانکییەکانی شیرین نەجەفی بلۆک کراون.

 

دوابەدوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی و حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان و شاندی یاوەری، زۆرێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵە داواکارانەی کە لە چل ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ناڕەزایەتی و ڕەخنانەوە ئازیزانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون یان لە سێدارە دراون، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەیان دەربڕی و بە تەنزەوە باسیان کرد، هەندێک لە گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە ئینتەرنێتدا بڵاوکراونەتەوە، دڵخۆشی خەڵکی ئێران بە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەمیر عەبدوڵاهیان و ئەندامانی دیکەی شاندەکەی دەردەخەن.

 

دوای کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە کە ئیبراهیم ڕەئیسی هەڵگرتبوو و خۆی و شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا، محەمەد محادی ئازاد، داواکاری گشتی ئێران ڕایگەیاند "ئەوانەی بە خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی سەبارەت بەم ڕووداوە، هەوڵی شێواندنی ئاسایشی دەروونی کۆمەڵگە دەدەن و بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پێچەوانە مێشکی گشتی تێکدەدەن، لە ڕاستیدا درۆ و سووکایەتی بڵاودەکەنەوە، بەپێی ڕێساکان ڕێوشوێنی خێرا و کاریگەر و خۆپارێزی دەگیرێتەبەر".