ژمارەی گیان لەدەستدان لە غەززە لە ئاستی بەرزدایە

لە سەرەتایی شەڕەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٩٠٤ هاوڵاتیی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٨ هەزار ٥١٤ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە و وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی گیان لەدەستان و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاوازدا زانیارییان بڵاوكردەوە، لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی غەزەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٩٠٤ هاوڵاتیی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٨ هەزار و  ٥١٤ كەس.

 

باس لەشکراوە، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٦٠  كەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ١١٠ـی دیكەش بریندار بوون، ئەوەش خراوەتەڕوو، ٢١٦ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.