دانیشتووانی کامپی مەخموور هاوسەرۆکانی نوێی خۆیان هەڵبژارد
فاتمە هیلالی و عەدبان عەبدوڵا یڵماز لە هەڵبژاردنی دوێنێی شارەوانییەکان لە کامپی مەخموور وەک هاوسەرۆکی نوێی شارەوانی هەڵبژێردران.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجامی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کامپی مەخموور، کە دوێنێ بەڕێوەچوو، ڕاگەیەندرا و بە پێی دەرئەنجامی دەنگدان، فاتمە هیلالی و عەدبان عەبدوڵا یڵماز بوونە هاوسەرۆکی شارەوانی، کە لە نێوان چوار هاوسەرۆکی شارەوانی و ٢٠ ئەندامی ئەنجومەن لە کێبڕکێدا بوون.
لەو هەڵبژاردنەدا کە ٤ هەزار و ٣٣٦ کەس چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، فاتمە هیلالی هەزار و ٩٨٩ و نزار حاجی تەتەر نەرخی هەزار و ١٥٢ دەنگی بەدەستهێنا، عەدبان عەبدوڵا یڵماز ٢ هەزار و ٣١٢ دەنگ و جەمیل محەمەد ڕەپینی هەزار و ١١٣ دەنگی بەدەستهێنا.
دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن و هەژمارکردنی دەنگەکان، هادی ئەکێتی، لەسەر ناوی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کامپەکە لێدوانێکی دا و لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: سیستەمی نەتەوە دیموکراتیی تا ئەمڕۆش بەردەوامی پێدراوە، بۆیە ئێمە سوپاسی خەڵکی کامپەکەمان دەکەین.
لە نێو ئەنجومەنەکاندا ئەوانەی زۆرترین دەنگیان هەیە بەم شێوەیەن:
سدیق حێسن هیلالی ١٢٠٥، سەلمان مەحمود شوێدی ١١٩٠، سۆزدار محمد تاهیر هیلالی ١٠٧٠، بەهار ساڵح بلەهی ١٠٥٩، سەبری ئەحمەد مجینی ١٠٣٩، جەوهەر جندی نێروەهی ١٠٣٤ و لەیلا عەبدوڵا چەلی ٩٩١ دەنگیان بەدەستهێناوە.