ناوەندی پەپولەکانی کوردستان بۆ تواناکانی ژیان کرایەوە

ناوەندی 'ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی ژیان' بۆ منداڵانی کەم دەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت هەروەها منداڵانی نەخۆشی ئۆتیزم کرایەوە

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە شاری سلێمانی و بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم، 'ناوەندی پەپولەکانی کوردستان بۆ تواناکانی ژیان'، کە دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە کار لەسەر ناساندی ڕاهێنان و پەرەپێدانی توناکانی ژیان، بۆ منداڵانی کەم دەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات، کرایەوە.

 

پرۆژەکە لە چەند ژوورێکی تایبەت بە ڕاهێنانی منداڵانی ئۆتیزم پێک هاتووە، وە هەر ژورێک کاری تایبەتی خۆی هەیە لە ڕاهێنان بە مێشکی منداڵان، تەواوی خزمەتگوزارییەکان و ڕێنماییەکان لەلایەن کەسانی شارەزا، ڕاهێنەر و مامۆستایانەوە دەگەیەندرێتە نەخۆشانی ئۆتیزم.

 

"هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ باشترکردنی دۆخی نەخۆشانی ئۆتیزم"

پەرێز ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان- لقی سلێمانی، لە ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم، دەربارەی کردنەوەی ئەو ناوەندە بۆ منداڵانی کەم دەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت، وتی: ئێمە بە کردنەوەی ئەم جۆرە سەنتەرانە توانیومانە هاوکاریان بین، توانیومانە داواکارییەکانی ڕاهێنەران و مامۆستایانی تایبەت بەو منداڵانە جێبەجێ بکەین، لە هەوڵەکانمان نەوەستاوین و داوامان کردووە سەنتەرکانی ڕاهێانانی نەخۆشی ئۆتیزم، ژمارەیان زیاد بکرێت، چونکە ڕێژەی توشبوانی نەخۆشییەکە ڕوو لە زیاد بوونە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا پەرێز ئەحمەد باسی لەوەکرد، کردنەوەی سەنتەری نەخۆشی ئۆتیزم پێویستە، جگە لەوە ڕاهێنەران و مامۆستایان پێوسیتە بەردەوام ڕێهانان بە منداڵانی ئۆتیزم بکەن و پەرە بەتوانای مێشکی منداڵانی ئۆتیزم بدەن، هەروەها هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەو خێزانانەی منداڵنی ئۆتیزمیان هەیە کە چیتر منداڵەکانیان لە ماڵەوە نەهێڵنەوە بەڵکو بیانبەن بۆ سەنتەر و ڕێکخراوەکان لە پێناو باشتربوونی دۆخی تەندروستیان.

 

"ئامانجمان هاوکاریکردنی، خێزانی خاوەن نەخۆشی ئۆتیزمە"

تەلار محەمەد، وەک خۆبەخش لە سەنتەری ئۆتیزم کاردەکات، لە بارەی ئامانجی کردنەوەی پڕۆژەکە ڕوونیکردەوە، ئامانج لە کردنەوەی ئەم جۆرە پڕۆژانە هاوکاری و دەستگری هەژارن و ئەو خێزانانەیە کە خاوەن پێداوستی تایبەتن یاخود نۆخۆشی ئۆتیزمیان هەیە، وتی: وەک ژنێکی خۆبەخش لە سەنتەرەکە کاردەکەم ئامانجمان هاوکاری و پەرەپێدانی تواناکانی ژیان وڕاهێنانە بە نەخۆشانی ئۆتیزم.