٧١٪ی ژنانی دەرچووی ئێران بێکارن

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ٧١٪ی ژنانی دەرچووی ئێران بێکارن، ئەمەش دوو هێندەی ڕێژەی پیاوانی بێکارە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەم ڕۆژانەی دواییدا بڵاوکراوەتەوە، ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاند ڕێژەی بێکاری بۆ ژنان لە ساڵی ڕابردوودا ٢٧.٨٪ بووە، لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری بۆ پیاوان ١٣.٥٪ بووە، بە واتایەکی دیکە ڕێژەی بێکاری لەناو ژناندا دوو هێندەی ڕێژەی بێکارییە لەناو پیاواندا.

 

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، ساڵی ڕابردوو ٢٧.١٪ی پیاوان و ٧١٪ی ژنان خوێندنی باڵایان تەواو کردووە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ڕێژەی بەشداریکردنی ئابووری ژنان زۆر کەمە، نزیکەی ٩٠٪ی ژنانی سەروو تەمەنی ١٥ ساڵی لە وڵاتەکەدا هیچ کارێکیان نییە و تەنانەت لە کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریشدا کار ناکەن.

 

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا جەختی لەوە کردەوە کە لە ئابووری ئێراندا، بۆ هەر ١٠٠ پیاوێکی کرێکار، نزیکەی ١٤.١ ژنی کرێکار هەیە، ئەمەش لە کەرتەکانی وەک دارایی، بیمە، تەندروستی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و لە بوارەکانی تەندروستی و پەروەردەدا کە داواکارییەکی زۆریان هەیە بۆ هێزی کارێکی شارەزا و خوێندەوار، ژمارەی کرێکارانی ژن لە ژمارەی کرێکارانی پیاو زیاترە.

 

بەرزترین ڕێژەی بێکاری لە سەرانسەری شارەکانی ئێران بریتین لە سیستان-بەلوچستان، هۆرمزجان و لوڕستان، چهارمحال ، بەختیاری و کرماشان، لە کاتێکدا مازەندەران، خۆراسان ڕەزەوی، تاران، باشووری خۆراسان و ئیلام لە ساڵی ڕابردوودا نزمترین ڕێژەی بێکارییان تۆمارکرد لەناو دانیشتوانی تەمەن ١٥ ساڵ و سەرووتردا.