ڕژێم هەژماری هاوکارییەکانی خەڵکی بۆ زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی بەلووچی ڕاگرت

یەکێتی مامۆستایانی ئێران(تاران) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەر سێ هەژماری هاوکارییەکانی خەڵک کە پێشکەشی زیانبەرکەوتووانی بەلووچیان دەکرد، بلۆک کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی بڵاوکراوەیەکی ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوە ڕۆشنبیرییەکانی ئێران، سێ هەژماری بانگی کە بۆ هاوکاری زیانبەرکەوتووانی لافاوەکانی سیستان و بەلوچستان ڕاگەیەندرابوون، بلۆک کراون، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەری دانانی پارە بۆ ئەو هەژمارە بانکیانە هەیە، بەڵام لەلایەن بەکارهێنەرانییەوە ناتوانرێت بەکاربهێنرێت.

 

دوای لافاو لە شارەکانی سیستان و بەلوچستان، هەڵمەتی جەماوەری بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدانی خەڵکی بەلووچ دەستی پێکرد و لەو پێوەندییەدا هەژمارە بانکییەکان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە باوەڕپێکراوەکانەوە بڵاوکرانەوە بۆ وەرگرتنی هاوکاری دارایی لە خەڵک.

 

لە بەرامبەردا ڕژێمی ئێران نەک هەر پشتیوانی لە زیانبەرکەوتووانی ناوچەی بەلووچی نەکرد، بەڵکو ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکانی خەڵک کرد و ئێستاش بە بلۆککردنی هەژمارەکان هەوڵی تاڵانکردنی هاوکارییەکانی خەڵک دەدات بۆ خۆی سوود.