قەدەغەکردنی ناسترن قاسمی لە بڵاوکردنەوەی چالاکییە هونەریەکانی

ناسترن قاسمی بڵاوکردنەوەی چالاکییە هونەریەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە کرا و پەیجی ئینستاگرامەکەی دەستی بەسەرداگیرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ناسترن قاسمی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی گیلاک لە شاری کۆچسەفەهان سەر بە پارێزگای گیلان، بڵاوکردنەوە و درێژەدان بە چالاکییە هونەریەکانی قەدەغە کرا.

 

پەیجی ئینستاگرامی ناستەرن قاسمی دەستی بەسەرداگیرا، پۆلیسی فاتاش لەکاتی سڕینەوەی پۆستەکانی پێشوویدا، پۆستێکی نوێی لە ئینستاگرامەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم پەیجە بەهۆی بەرهەمهێنانی "ناوەڕۆکی تاوانکاری" بلۆک کراوە و دەستی بەسەرداگیراوە.

 

تۆمارکردنی دۆسیە لەسەر ئەم هونەرمەندە گیلاکییە بە تۆمەتێکی نادیار، لەکاتێکدایە لە بواری مۆسیقادا چالاک بووە و گۆرانی گیلاکی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاودەکاتەوە.

 

کۆماری ئیسلامی ژنان لە هەر جۆرە چالاکیەک قەدەغە دەکات و بە بیانووی ناڕاست و تۆمەتی هەڵنەستراو دۆسیە لە دژی ژنانی چالاک لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تۆمار دەکات.