مامۆستایانی ناڕازی: باوەڕمان بە بەڵێن و نووسراوەکانیان نەماوە

بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دوای سێ مانگ بەردەوامی هەیە و مامۆستایان دەڵێن: ساڵانی پیشوو پەیمانیان پێداوین و جێبەجێش نەکراوە، بۆیە لە ئێستادا باوەڕمان بە نووسراو نییە.

هەڵەبجە

 

پاش ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا ڕایگەیاند، پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی هەیە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە و مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراویش بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی دەکرێن بەگرێبەست.

 

ئەم نووسراوەی وەزارەتی پەروەردە بە ئامانجی گەڕانەوەی مامۆستایان بوو بۆ هۆڵەکانی خوێندن و ناڕەزایەتی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لێکەوتەوە، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەنجومەنی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بایکۆت، چونکە چەندین جاری دیکە بەڵێنیان پێدراوە و جێبەجێ نەکراوە.

 

لەو چوارچێوەیەدا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەرین و هەڵەبجە خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایان بەڕێوەچوو.

 

لە شاری هەڵەبجە مامۆستایانی ناڕازی گردبوونەوە و بە دروشمەکانیان داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیانیان کرد و ڕایانگەیاند، تا جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن لە بایکۆت.

 

وەسنا محەمەدخان، مامۆستایەکی ناڕازییە و وتی: ٢٥ ساڵە مامۆستام و هاتنی ئەمڕۆم بە مەبەستی نوێ کردنەوەی وەرزی دووەمی خۆپیشاندانەکانە، پێویستە بە جدی لە چوارچێوەی بودجەدا کار لەسەر شایستە داراییەکان بکەن و هیواخوازین دووبارە بە خۆیاندا بچنەوە.

 

مامۆستا وەسنا باس لەوەش دەکات، جگە لە حکومەت سەرپەرشتیاری یەکەمی پەروەردەی سلێمانی سوکایەتی بە مامۆستایان کردووە و پیویستە لێپێچینەوەی بەرامبەر بکرێت، چیتر تەنها ناکرێت قسە بکرێت، دەبێت بە کردار بیسەلمێنن.

 

ژیوار عومەر، مامۆستایەکی وانەبێژە و باس لەوە دەکات، چەندین ساڵە بەردەوامین لە خۆپیشاندان و دەمانەوێت بکرێین بە گرێبەست و دابمەزرێین، بەڵام لەبەرئەوەی ساڵانی پیشوو پەیمانیان پێداوین کە دەکرێین بە گرێبەست و جێبەجێش نەکرا، لە ئێستادا باوەڕمان بە نووسراو نییە، بەڵکو دەبێت جێبەجێ بکرێت، ئینجا باوەڕ دەکەین.