"بە بەرخۆدان و ئیرادەمان کۆتایی بە داگیرکاری دەهێنین"

ئەندامانی ڕێکخراوی سارا سەر بە ناوچەی عەفرین-شەهبا، دووپاتیان کردەوە کە بە بەرخۆدان و ئیرادەی خۆیان کۆتایی بە داگیرکاریی دەهێنن و ژنانی عەفرینی داگیرکراو ئازاد دەکەن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ەوە دەوڵەتی تورک دوای بەرخۆدانی ٥٨ ڕۆژەی خەڵکی عەفرین لەگەڵ گروپە بەکرێگیراوەکانی ناوچەی عەفرینی داگیر کرد، کردەوە و هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عەفرینی داگیرکراو لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانییەوە ئەنجام دەدرێت، عەفرین کە بە بەهەشتی کوردستان ناسرابوو، ئێستا ژیان تیایدا بووەتە دۆزەخ، ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی کاری داگیرکەران دەبنەوە و ژیانێکی ئەمنی و سەقامگیرتر نەماوە، ڕۆژانەش حاڵەتی ڕفاندن و کوشتن و زەوتکردن و ئەشکەنجەدانی ژنان ڕوودەدات.

 

"پێویستە چاودێری دۆخی ژنانی عەفرین بکرێت"

زەینەب خەلیل ڕایگەیاند کە بە بەهێزکردنی ڕێکخراوەکەیان دژی هەموو جۆرە کارێک دەوەسنەوە و هەموو ژنان ئازاد دەکەن و وتی: لەو ڕۆژەوەی عەفرین داگیر کرا تا ئێستا هەموو شێوازەکانی کردەوەی نامرۆڤانە دژ بە ژنان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانیەوە ئەنجام دەدرێت، ژنان لە چەندین ڕووەوە دەکرێنە ئامانج، وەک کوشتن و ڕفاندن و لێدان، دەیانەوێت ژنان لەو ناوچانە قڕ بکرێن و تەسلیم بکرێن، ئەمانە دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی ئەنجامی دەدەن، ئێمە وەک ڕێکخراوی سارا بۆ داکۆکی لە مافی ژنان داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ژنان دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و بچنە ناوچە داگیرکراوەکان و زیاتر لە دۆخی ژنان بکۆڵنەوە، هاوکارییان پێشکەش بکەن، دەبێت مافی ژنان لەسەر زەوی بپارێزرێت و لە جینۆساید و لەناوبردن ڕزگار بکرێن.

 

"داگیرکاری بە تێکۆشان و بەرخۆدان کۆتایی دێت"

تێکۆشین محەمەد، ئەندامێکی دیکە ڕێکخراوەکەیە و کارەکانی دەوڵەتی تورکیای لە عەفرین بەرامبەر بە ژنان شەرمەزار کرد و وتی: بە توندی ئیدانەی کارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر ژنانی عەفرین دەکەین،  هەرگیز قبوڵ ناکەین کە ژنێک تووشی کردەوە و ئەشکەنجەدان ببێت، ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی کوشتن و دەستدرێژی دەبنەوە، مەبەست لەم داگیرکارییە لەناوبردنی ڕۆڵی ژنانی کورد و هێشتنەوەیانە بە چەوساوەیی، ئێمە وەکو ژنان هەرگیز قبوڵ ناکەین کە ژنان ژێردەستە و ببنە کۆیلەی سیاسەتی داگیرکەران، بە بەرخۆدان و ئیرادەمان کۆتایی بە داگیرکاری و کردەوەکانیان دەهێنین.