دایکانی ئاشتی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان وەک بنەمایەک بۆ خەباتی خۆیان دەزانن

دایکانی ئاشتی داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و جەختیان کردەوە، فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بنەمای بەرقەرارکردنی ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- بزووتنەوەی دایکانی ئاشتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامانجی ئەوەیە، لە ڕێگەی چالاکییە بەردەوامەکانیانەوە، فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە و بە ئامانجگرتنی خەڵک ڕابگرێت، هەروەها ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە هەڵبوەشێننەوە و بە شێوەیەکی جەستەیی ڕزگاری بکەن .

 

بزووتنەوەی دایکانی ئاشتی لەگەڵ پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و دەستگیرکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دامەزران، لە ئامانجیان درێژەدان بوو بە چالاکییەکان تا ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان بەدیبهێنن و داوای ئاشتی بۆ گەلی کورد و گەلانی جیهان دەکەن، دایکانی ئاشتی لە ساڵی ١٩٩٩ تا ئەمڕۆ بەردەوامن لە چالاکییەکانیان و لەم ساڵانەی دوایشدا چالاکییەکانیان چڕتر کردووەتەوە.

 

"پاشەکشە لە بەرخۆدان ناکەین"

شەمسخان کلو، ئەندامی دایکانی ئاشتی لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باسی لەوەکرد، بزووتنەوەکە بە دەستگیرکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، لە ژێر کاریگەری فکر و فەلسەفەکەیدا چالاکییە جۆراوجۆرەکانی لە ڕۆژئاوا دەستپێکرد و داوای ئاشتی و دژایەتیکردنی شەڕمان کرد، چونکە تا ڕێبەر ئۆجالان ناسراو بە (ڕێبەری ئاشتی) لە زیندان بێت و گۆشەگیری توندی بەسەردا بێت، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهاندا مسۆگەر نابێت.

 

هەروەها وتیشی: لە یەکەم هەنگاوی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییەوە دایکانی ئاشتی بۆ ئیدانەکردنی ئەو سیاسەتانەی دژی ڕێبەر ئۆجالان جێبەجێکراون، خۆپیشاندان و هەڵمەتی مانگرتنمان ڕاگەیاندووە، چالاکییەکانی بزووتنەوەی "دایکانی ئاشتی" لە ڕۆژئاوا تەنها لە دانیشتن و مانگرتن لە خواردن نەمایەوە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بوونە قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی خەڵکی شەنگال و شارە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وەک عەفرین، سێرێکانیی و گرێسپی.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تورکیا کە بانگەشەی ئەوە دەکات هەوڵی هێنانەدی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە دەدات، بەڵام کردەوەکانی ئەوە نیشان نادات، ئەو تاوان و پێشێلکارییانەی ئەنجامی دەدات بە ڕوونی دیارە، وەک دایکانی ئاشتی کوڕ و کچەکانمان پێشکەش بەم شۆڕشە کرد، کە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی لەناو کۆمەڵگەدا ئاواکرد، قوربانیدانمان لەپێناو ئاسایش و ئاشتی دایە و پاشەکشە ناکەین لە بەرخۆدان و خەبات.

 

"لە ترسی بەرژەوەندییەکانیان گۆشەگیری توندتر دەکەنەوە"

فاتیمە حەسەن، ئەندامی دایکانی ئاشتییە و داوای پێکەوەژیانی لە ناوچەکەدا کرد و وتی: ئێمە دەزانین کە ئاشتی بە یەکگرتن و پێکەوەژیان پێکدێت، ئەمەش ئەوەیە کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕێگەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە داوای کرد، هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بەرقەرارکردنی ئاشتییە و ئەمەش بە ئازادی جەستەیی پێکدێت.

 

فاتمە حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، ئەو وڵاتە باڵادەستانەی هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر هەموو وڵاتاندا بسەپێنن بۆ گەیشتن بە ئەجێندای سەرمایەداریی خۆیان، کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە بیری ڕێبەر ئۆجالان، کە تاکە چارەسەرە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، وتیشی: ترسیان لە فکر و هزری ڕێبەر ئۆجالان بەردەوام گۆشەگیری توندتر دەکەنەوە، ئێمە لە داواکارییەکانمان بۆ ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان ناکشێینەوە و وەک دایکانی ئاشتی لە خەبات و بەرخۆدانمان بەردەوام دەبین، تا ئازادی ئۆجالان و بنیادنانی نەتەوەیەکی دیموکراتیک.