ڕاپۆرتێک لەبارەی کەمکردنەوەی بودجەی گۆڕانی کەشوهەوا هۆشداری دەدات

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNEP" هۆشداری دەدات لەوەی دابینکردنی دارایی بۆ خۆگونجاندنی کەشوهەوا لە کەمبوونەوەدایە لە کاتێکدا پێویستە خێراتر بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکان و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە "UNEP" لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە، بەر لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا "COP28" کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە دوبەی بەڕێوەبچێت، جەختی لەوە کردەوە کە پێشکەوتن لە بواری خۆگونجاندنی کەشوهەوا لە هەموو ناوچەکاندا کەمی کردووە لە کاتێکدا پێویستە خێراتر بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ کاریگەری و مەترسییەکانی زیادبوونی گۆڕانی کەشوهەوادا بەردەوام بێت.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پێداویستییە داراییەکان بۆ خۆگونجاندنی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتە تازە گەشەکردووەکاندا ١٠ بۆ ١٨ هێندەی لێشاوی دارایی گشتی نێودەوڵەتی زیاترە، کە بە ڕێژەی ٥٠% بەرزترە لە خەمڵاندنەکانی پێشوو.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵانە جیاوازی دارایی لە نێوان ١٩٤ بۆ ٣٦٦ ملیار دۆلارە، ئەمەش لە ئەنجامی زیادبوونی پێداویستییە داراییەکانی خۆگونجاندن و کەمبوونەوەی لێشاوی دارایی.

 

ئینگەر ئەندرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNEP" جەختی لەوە کردەوە پێویستە جیهان دەرچوونی گازی ژینگەیی کەم بکاتەوە و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی دانیشتوان زیاد بکات، بەتایبەتی دوای کەمبوونەوەی بودجەی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا.

 

ڕوونیکردەوە، ئەم کەمبوونەوەیە جێی نیگەرانییە و سەرەڕای بەڵێنێک لە میانەی کۆنفرانسی کەشوهەوادا کە لە شاری گلاسگۆی سکۆتلەندا بەڕێوەچوو بۆ دابینکردنی نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا بۆ پشتگیریکردنی خۆگونجاندنی دارایی تا ساڵی ٢٠٢٥، ٧ ڕێگا هەیە بۆ زیادکردنی دارایی، ئەویش لە ڕێگەی خەرجکردنی ناوخۆیی و دارایی نێودەوڵەتی و تایبەتەوەیە.

 

جەختی لەوە کردەوە، گۆڕانکارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە وێرانکەر بووە دوای لافاو و زریان و شەپۆلی گەرما و ئاگر کە وێرانکارییەکی بەربڵاوی لە زۆربەی وڵاتاندا بەجێهێشتووە.