لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار هەزار تۆن خۆراک بەفیڕۆ دەچێت

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە ڕۆژی جیهانیی خۆراکدا بڵاوی کردەوە، یەک لەسەر سێی خۆراکی جیهان بەفیڕۆ دەچێت و لە هەرێمی کوردستانیش ڕۆژانە چوار هەزار تۆن خۆراک بەفیڕۆ دەچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

١٦ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی جیهانی خۆراکە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا هۆشیاری دەربارەی خۆراک و ڕێژەی بەفیڕۆدانی خۆراک بڵاودەکرێتەوە، ئاماژە بەوە دەکرێت، کە بە فیڕۆدانی خۆراک چەندە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت و بە ملیۆنان کەسی برسیش لە مافی دەستکەوتنی خۆراک بێبەش دەکات.

 

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی خۆراکەوە، خستیەڕوو کە، یەک لەسەر سێی خۆراکی جیهان بەفیڕۆ دەچێت، پاشماوەی خۆراک ئاماژەیە بۆ خۆراکە فڕێدراوەکان و ئەو بەشە نەخوراوانەی پەیوەستن پێیانەوە (وەک خۆراک یان چەوری و میوە).

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە داوە، لەسەر ئاستی جیهانی، یەک لەسەر سێی هەموو ئەو خۆراکانەی بەرهەم دەهێنرێن، کە زیاتر لە یەک ملیار تۆن دەکات، لەدەست دەچن یان بەفیڕۆ دەچن، ئەم بڕە بەفیڕۆ چووە یەکسانە بە ٪٢٤ی دابینکردنی خۆراکی جیهان. لە هەمان کاتدا لە هەر ١٠ کەسێک لە جیهاندا، یەک کەس بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنێت.

 

لە وڵاتێکی وەک عێراق، ڕۆژانە ٢٠ هەزار تۆن خۆراک بەفیڕۆ دەچێت، هاوکات لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە نزیکەی چوار هەزار تۆن خۆراک بەفیڕۆ دەچێت و فڕێدەدرێن.