مانگی سوور: کۆچکردنی ملیۆنێک فەلەستینی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا "مەحاڵە"

وتەبێژی مانگی سووری فەلەستین، کۆچبەربوونی زیاتر لە ملیۆنێک فەلەستینی بۆ باشووری غەززە لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا بە مەحاڵ پێناسە کرد، کە سوپای ئیسرائیل فەرمانی پێکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

نیپاڵ فەرسەخ، وتەبێژی مانگی سووری فەلەستین، ڕایگەیاندووە، هیچ ڕێگەیەک نییە زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەو خێراییە بە سەلامەتی بگوازرێنەوە، خۆراک لەبیربکە، کارەبا لەبیربکە، سووتەمەنی لەبیربکە، ئێستا تاکە نیگەرانی ئەوەیە کە ئایا پڕۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: چی بەسەر نەخۆشەکانماندا دێت؟ بریندارمان هەیە، کەسانی بەساڵاچوومان هەیە، منداڵمان لە نەخۆشخانەکان دایە، هەروەها زۆرێک لە پزیشکان ڕەتیدەکەنەوە نەخۆشخانەکان چۆڵبکەن و نەخۆشەکان جێبهێڵن.

 

ئیناس حەمدان، بەرپرسی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئەمە ئاژاوەگێڕییە، کەس تێناگات چی بکات"، ئاماژە بەوەشکراوە: "بە هەموو کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری غەززە و باکووری غەززە پێیان وتراوە کە بەرەو باشوور و ڕەفەح کۆچ بکەن".

 

ئیناس حەمدان ڕایگەیاند کە بارەگای ئۆپەراسیۆنە ناوەندییەکانی و کارمەندە نێودەوڵەتییەکانی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین گوازراونەتەوە بۆ باشووری غەززە، بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکانی و پاڵپشتیکردنی کارمەندەکانی و پەنابەرە فەلەستینییەکان.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی غەززە کردووە باکووری کەرتی غەززە چۆڵ بکەن و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا بەرەو باشووری غەززە بڕۆن.