هەژاری کرێکاریی وەرزی زیاد کردووە و خراپی ڕێگاوبانیش ژیان دەستێنێتەوە

شەبنەم حەبیبی، چالاکوانی ڕۆشنبیری و کرێکاری وەرزیی خەڵکی گوندی نستان سەر بە شاری سەردەشت، لە کاتی گەڕانەوەی لە کارەکەی بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەستدا.

سەردەشت

 

ئێوارەی ٢ی تەمموز شەبنەم حەبیبی، کرێکاری وەرزی و چالاکوانی ڕۆشنبیری خەڵکی گوندی نستان سەر بە شاری سەردەشت، لە کاتێکدا لەگەڵ کرێکارانی وەرزیی دیکە بۆ کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا چووبووە نزیک بۆکان، لە کاتی گەڕانەوەیدا بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.

 

لەیلا م.، یەکێک لە چالاکوانانی مەدەنی شاری ڕەبەت ڕایگەیاند: ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گوندەکانی دراوسێی شاری ڕەبەت، لە وەرزی هاوین و پایزدا، بەهۆی نەبوونی کار لە ناوچەکەدا، دەچنە شارەکانی دیکەی وەک، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە، مهاباد و بۆکان دەکەن، بە زۆری کاتژمێر ٣ی بەیانی بە ئۆتۆمبێل دەچنە شارەکانی دیکە و ئێواران دەگەڕێنەوە ماڵەوە، ئەم دۆخە ڕووداوی ناخۆشی لێدەکەوێتەوە و ساڵانە چەندین کرێکار بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیان لەدەست دەدەن.

 

لەیلا م. دەشڵێت: ئەو هەژارییە سیستماتیکییەی ڕژێمی ئیسلامی بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا سەپاندوویەتی، هاوکات لەگەڵ نەبوونی کارگە و پشتیوانی لە دروستکردن و پەرەپێدانی کارەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ڕوو لە کارەکانی کۆڵبەری و کرێکارانی وەرزی بکەن، لەسەر سنوورەکان کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و لەسەر ڕێگاکان ژیان لەدەستدەدەن، کرێکارانی وەرزیش بەهۆی خراپی ڕێگەوبان و نەبوونی سەلامەتی گیان لەدەستدەدەن.

 

هەروەها سەبارەت بە چالاکییە مەدەنییەکانی شەبنەم حەبیبی وتی: سەرەڕای گوشارە ئەمنییەکان لە گوندی نستان، بە هەوڵی دانیشتوانی گوندەکە، بە تایبەتی ژنان، کتێبخانەیەکی چالاک دامەزرا، کە چالاکیی ڕۆشنبیری و پەروەردەی زمانی کوردی تێدا ئەنجام دەدرێت، شەبنەم حەبیبی هاوشانی ژنانی چالاکی دیکەی ئەم گوندە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ئەنجامدانی چالاکییە مەدەنی و ڕۆشنبیرییەکان لە ناوچەکەدا.