لە گۆڕستانی بێناونیشانەکان مەراسیمێک بۆ پشتیوانی لە دۆزەکانی ژنان ڕێکخرا

بە بەشداری ژنان و چلاکوانان مەراسیمێک ڕێکخرا و لە گۆڕستانی بێناونیشانەکان گوڵ دانرا، ڕاشگەیەندرا، "دەبێت پیاوان زیاتر هۆشیار بکرێنەوە".

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گۆڕستانی بێناونیشانەکان لە شاری سلێمانی لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەنەکە بۆ پشتیوانی کردن لە کەیسەکانی ژنان چالاکییەکی سازکرد.

 

فریاڵ عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەنەکە لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، داوا دەکەین کە چیتر گۆڕی ژنان زیاد نەکات بۆ ئەم گۆڕستانە، ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە لەسەر گۆڕی ژنە بێنازەکانی خاکەکەمان بۆ ئەوەی بکوژانی ژنان ئیدانە بکەین، چونکە هیچ پاساوێک نیە تا ژنانی لەسەر بکوژرێت.

 

"ژن کوشتن بووە بە دیاردە لە کۆمەڵگەی کوردیدا"

ڕۆشنا جەمال، پسپۆڕی بواری جینۆساید و چالاکوانی ژنان، لە لیدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد، کە لە جێگەی کەسوکاری ژنانی کوژراو هاتوون بۆ سەر گۆڕیان کە بە هەر بیانوویەک بێت کوژراون، "خۆمان بە کەسوکاری ئەو ژنە کوژراوانە دەزانین، ئەمە ناهەقیە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، بەڵام بووە بە دیاردەیەک لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە وەکو ژنان کە ئەم دیاردەیە نەهێڵین، ژن هەست بە ژن دەکات، بۆیە پێویستە هەموو لایەک پشتیوانی کەیسەکانی ژنان بێت".

 

ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو گۆڕانەی ئێرە تەنانەت کەسوکارەکانیان ئامادە نەبوون سەردانیان بکەن، وتی: هیوادارم کە کەسوکاریان لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ئێمە ببینن و بێن سەردانیان بکەن، هیچ تاوانێک مایەی ئەوە نییە کە ژنی لەپێناودا بکوژرێت و بە بێنازی بخرێنە ژێر خاک.

 

"ئەبێت زیاتر پیاوان هۆشیار بکرێنەوە"

ڕۆشنا جەمال ڕوونیکردەوە کە دەبێت زیاتر پیاوان هۆشیار بکرێنەوە بۆ ئەوەی بەر بە توندوتیژی بگیرێت، وتیشی: "چونکە لە پشتی کوشتنی هەموو ژنێکەوە پیاوێک هەیە، وە هەندێکجار خێزانەکان هۆکارن و پیاوان هان دەدەن تا ژنان بکوژن، بۆیە دەبێت کۆمەڵگە هۆشیاربکرێتەوە و بە پیاوەکان نەڵێن کە تۆ خاوەنی خوشک یان ژنیت، ژنان هۆشیارن ئەگەر هەڵەیەکیش بکەن پیاوان لە پشت ئەو هەڵەیەوەن".

 

لە کۆتایی چالاکییەکەدا گوڵ لەسەر گۆڕی ژنانی بێناونیشان دانرا.