دوو هەزار کۆچبەر لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە دەریای ناوەڕاست خنکاون

ساڵانە لە کاتی پەڕینەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەزارەها کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیان لەدەستدەدەن، لەگەڵئەوەی هەوڵەکان بۆ راگرتنی ئەم بەلەمە نایاساییانە بەردەوامن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئاماری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ نزیکەی دوو هەزار کەس لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە کاتێک هەوڵیانداوە بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەکاتێکدا ئامارەکانی ساڵی رابردوو دەریدەخەن ژمارەی گیان لەدەستدانەکان هەزار و ٤٠٠ کەس بووە لەو رێگەیەدا.

 

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ئەمساڵ لەڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە چوونەتە ئەوروپا بە ٦٢ هەزار کۆچبەر مەزەندە دەکات.

 

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لە دەریای ناوەڕاستدا لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە، لەلایەکی دیکەوە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس رزگارکراون.