لە لیبیا کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەکرێت
یەکێتیی ژنان لە لیبیا بە تایبەتی لە شاری سەبها هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەدات، کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

مونا تۆکا
لیبیا- یەکێتی ژنان لە شاری سەبهای لیبیا، هەڵمەتێکی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەەمەوە دەستپێکرد و تا ١٠ی کانوونی دووەم بەردەوامە. ئەمیرە نوری، بەرپرسی چالاکی و بەرنامەکانی یەکێتی ژنان باسی لە هەڵمەتەکە کرد و وتی: ئامانجمان هۆشیارکردنەوەیە لەسەر کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە، کە چالاکی جیاواز ئەنجام دەدرێت و هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵایەتی دەخرێتەڕوو.
پشتگیری یاسایی بۆ ئەو ژنانە بەردەستە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە
ئەمیرە نوری باسی لەوەکرد، سەرەتا هەڵمەتەکەیان لەسەر پێناسەکردنی ئەو ژنانە بووە کە جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژییان ڕووبەڕوو بووەتەوە، وتیشی: کارەکانمان کۆچبەران و ئاوارەکانیش دەگرێتەوە، هەوڵ دەدەین ئاگاداریان بکەینەوە لە مافەکانیان و تەنانەت ئەگەر ڕووبەڕووی توندوتیژیش ببنەوە خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەین، بۆ بڵاوکردنەوەی هەڵمەتەکەش پشت بە تۆڕەکانی میدیای دیجیتاڵی دەبەستین.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەمیرە باسی لە سەختییەکانی بەردەم ئەو هەڵمەتە کرد و وتی: داب و نەریت و چەشنە چەقبەستووەکان لە کۆمەڵگەدا چەمکی توندوتیژی دژی ژنانی بەهێزتر کردووە، تەنانەت ئەگەر دووریش بن لە ڕێنمایی ئایینی. جگە لەمەش هەندێک لە ژنان گرنگیی کۆبوونەوە و هەڵمەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان نازانن و ئامادەیی هەڵمەتەکان نابن.