چالاکوانانی مافی ژنان: سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی پێشێلی مافی مرۆڤە
زیادبوونی سزای لەسێدارەدان و گرتن و دیپۆرتکردنەوە، ژیان و ئاسایشی ژنە تێکۆشەرانی خستووەتە بەردەم هەڕەشەیەکی جددی و فشارە ئەمنییەکانی ئێستاش بۆ ژنان و خەڵکی ئازادیخواز جێگەی قبوڵکردن نییە.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ، ١٠ی تشرینی دووەم ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کەژار، سەپاند، کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مافی ژنان لە کوردستان لەو بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادییان شەرمەزار کرد.
ئەم ژنە تێکۆشەرانە ڕایانگەیاندووە: "هیچ ڕێگایەکمان نییە جگە لە پێکەوە تێکۆشان، دەبێت بە چالاکییە یەکگرتووەکان، بە هەموو شێوەیەک، بەسەر دۆخی ئێستادا زاڵ بین و ژینگەیەکی سەلامەت و گونجاو بۆ خۆمان و خەڵک دروست بکەین".
چالاکانوانانی مافی ژنان لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوایان لە هەموو ڕێکخراو و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ و بە تایبەت لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە دژی سزای لەسێدارەدانی کۆماری ئیسلامی بوەستن و بە توندی شەرمەزاری بکەن.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:
"بە ناوی ژن، ژیان، ئازادی
خەڵکی تێکۆشەر و شەرەفمەندی کوردستان
ژنانی تێکۆشەر
ئێمە ژنانی ئازاد و تێکۆشەری کوردستان، سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و کارێکی ناڕەوا دەزانین و بە توندی شەرمەزاری دەکەین.
ژناژن تێکۆشەر، ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژنان؛
زیادبوونی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و گرتن و دیپۆرتکردنەوە، ژیان و سەلامەتی ژنانی تێکۆشەری خستووەتە ژێر گوشاری توندی هێزە ئەمنییەکان و بەردەوامیی ئەم دۆخەش بۆ ژنانی تێکۆشەر و خەڵکی ئازادیخواز قبوڵکراو نییە.
ئێمە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە تێکۆشانێکی هاوبەش. دەبێت بە هەموو شێوەیەک بە چالاکییە هاوبەشەکانمان و یەکگرتوویی بەسەر بارودۆخی ئێستادا تێپەڕێنین و کەشێکی سەلامەت و گونجاو بۆ خۆمان و خەڵک دروست بکەین.
داواکارین لە جەماوەری ناڕازی و کرێکاران و چالاکوانانی کرێکاری و ژنانی ناڕازی و گەنجان و خوێندکاران و هەموو خەڵکی ئازاد، کە لە بەرامبەر سزای لەسێدارەدانی قێزەون و نامرۆڤانەدا بێدەنگ نەبن، کە لە ڕاستیدا کوشتنی بە ئەنقەستی ڕژێمە و لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی بوەستنەوە و بێدەنگ نەبن.
داوا لە هەموو ڕێکخراو و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە دژی سزای لەسێدارەدان بوەستن و بە توندی ڕژێمی ئیسلامی سەرکۆنە بکەن.
پەت و لە سێدارەدان، و سەرکوتکردنی ڕژێم، هەرگیز گەرەنتی مانەوەی دەسەڵاتە پاوانخوازەکان نەبووە و نابێت.
ئێمە ژنانی ئازادیخواز بە توندی ئیدانەی سزای لەسێدارەدانی دڕندانە دەکەین و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ دەکەین.
دەبێت سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێتەوە.
پێویستە هەموو سزای لەسێدارەدانێک هەڵبوەشێنرێتەوە".