یەکێتی ئەوروپا: هەموواری یاسای باری کەسێتی پێشێلی مافی مرۆڤە
یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق، هۆشدارییان داوە لە دەرئەنجامەكانی پێشنیازەکە، كە پێشێلكردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی عێراقە سەبارەت بە مافە سەرەتاییەكانی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، دوای ناردنی یاداشتی چالاکوانانی هاوپەیمانی ١٨٨ لە بارەی هەموواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراق، لەناو کۆبوونەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ئەم پرسە گفتوگۆی لەبارەوە کرا و بڕیارنامە دەرکرا، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ناڕازیبوونی لە ڕێگەی بڕیارنامەیەك بە ژمارە و کۆدی P10_TA(2024)0020، دەربڕی، هەمان کات ڕەخنە لە عێراق دەگرێت کە پێشێلکاری ڕاستەوخۆی مافەکانی منداڵان و ژنانە، هەمان کات کۆمەلێك داواکاری دەستنیشانکردووە بۆ دەوڵەتی عێراق بۆ پەرلەمان و حکومەتی عێراق...
ئەمڕۆش میدیا جیهانی و عەرەبییەكان سەبارەت بە داواكارییەكی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ڕەتكردنەوەی هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق، چەند هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکەن، ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا بەیاننامەیەكیان لەو بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن: بە تەواوەتی و دەستبەجێ پەرلەمانتاران ئەو هەموواركردنە پێشنیاركراوانەی یاسای باری کەسێتی ڕەتبكاتەوە، هەروەها هۆشدارییان داوە لە دەرئەنجامەكانی پێشنیازەکە، كە پێشێلكردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی عێراقە سەبارەت بە مافە سەرەتاییەكانی ژنان.
پەرلەمانی ئەوروپا ستایشی ئەو ژنانەیان كرد، لەنێویاندا ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كە ئەو پێشنیازەیان ئیدانە كرد، هەروەها ڕێكخراوە ناحكومییەكان و چالاكوانان و ئەندامانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كە خەبات دەكەن بۆ پاراستنی یەكێك لە پێشكەوتووخوازترین یاساكانی ناوچەكە، پێیان وایە ئەو هەمووارە بە شێوەیەكی یاسایی پارێزگاریی لە ژنان و منداڵان ناكات، كە بوونەتە قوربانی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق، هەر بۆیەش هەموواركردنی پێشنیاركراوی یاسای باری کەسێتی، دەبێتە هۆی جێبەجێكردنی “ڕادیكاڵتر”ـی یاساكە.
پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە عێراق كرد، پیلانێكی كاری نیشتمانی بۆ نەهێشتنی هاوسەرگیری منداڵان و بە تاوان ناساندنی دەستدرێژی خێزانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و پێشخستنی مافەكانی ژنان و كچان هەبێت، كە هاوتەریب بێت لەگەڵ ڕێككەوتننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بە نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاكارییەك لە دژی ژنان.
بەپێی هەمووارەكە هاوسەرگیریی كاتی ڕێگەپێدراو دەبێت و كچی تەمەن نۆ ساڵ هاوسەرگیری پێدەكرێت و مافی بەخێوكردنی منداڵ دەدرێت بە باوك، هەروەها پێشەكی و كۆتایی مارەیی لە هاوسەرگیرییدا هەڵگیرێت لەگەڵ چەندین بڕگەی دیكە، كە وا دەكات مەزهەبی جەعفەری لە یاساكەدا زاڵ بێت، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم هەمووارە لە ٤ی ئاب و خوێندنەوەی دووەمیش لە ١٦ی ئەیلوولی ئەمساڵدا لە پەرلەمانی عێراق کراوە.