"سیستمی ئیمڕالی سیستمی ئەشکەنجە و قڕکردنە"
نوران سەزگین، وتەبێژی لیژنەی تەندروستی مەخموور، ڕێباز و هەڵوێستی سی پی تی و کۆمیتەی وەزیرانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا پێناسە کرد و ڕایگەیاند، سیستمێکی قڕکردن لە ئیمڕالی بەڕێوەدەچێت.
نوپەلدا دەنیز
مەخموور- ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئاسایشی باڵای جۆری ئێف لە ئیمڕالیە لە ژێر گۆشەگیری ڕەها ڕاگیراوە و ماوەی ٤٣ مانگە هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕێبەرو زیندانییان حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش وەرنەگیراوە، سەردانی کردن لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ لەلایەن خێزان و پارێزەرانەوە کراوە، بێ وەڵام ماونەتەوە یان بە پاساوی "سزای دیسپلین" ڕەتکراونەتەوە.
نوران سەزگین، هاوسەرۆکی وتەبێژی کۆمیتەی تەندروستی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخموور سەبارەت بە گۆشەگیریی سەختی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کاریگەرییەکانی سیستمی ئیمراڵی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
"مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئاپۆ پێکنایەت"
لە سەرەتای قسەکانیدا، نوران سەزگین گۆشەگیری و بڕیاری کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپای سەبارەت بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرد و بەم شێوەیە قسەی کرد: کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا بڕیارێکی دا سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ، ئەم بڕیارە دیارییەکە بۆ دەوڵەتی تورکیا، ئێمە وەک گەلی کورد ئەو بڕیارە ئیدانە دەکەین ئێمە یاسای خۆمان دروست دەکەین و دەیانخەینە بەردەم جیهان، بەڵام یاساکانی خۆیان جێبەجێ ناکەن و بە پێی داواکاری دەوڵەتی تورکیا کە گەلی کورد دەکوژێت مامەڵە دەکەن، مافی هیوا مافێکی ڕەوا و بنەڕەتییە وەک مافی ژیان, وەک مافێکی مرۆڤ پێناسە کراوە. کەسێک کە ٢٥ ساڵ زیندانی تەواو بکات مافی هیوای هەیە. بەداخەوە بۆ ڕێبەر ئاپۆ بەردەست نییە، ئەمەش نایاساییە.
نوران سەزگین جەختی لە گۆشەگیریی توندی ڕێبەری گەلی کورد کردەوە و وتی: گۆشەگیری تاوانێکە دژی مرۆڤایەتییە، ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لەژێر گۆشەگیری تونددا ڕاگیراوە و ٤٣ مانگە هیچ زانیارییەک دەربارەی نییە، داواکارییەکانی خێزان و پارێزەران ئاستەنگ دەکرێن و سزای دیسپلینیی بە هۆکاری جۆراوجۆر دەدرێن، ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە، هیچ شەرعیەتێک بۆ دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی سی پی تی نییە، ئەندامانی سی پی تی لە کاتی بەتاڵی خۆیاندا هیچ کارێک ناکەن و دوای خانەنشین بوون بۆچوونەکانیان دەردەبڕن، ئەمە لە ڕووی ڕەوشتییەوە هەڵەیە، پێویستە سی پی تی سەبارەت بە بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ لێدوانێک بۆ ڕای گشتی بدات.
"سیستمی ئیمڕالی کاریگەری زۆری لەسەر بارودۆخی تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ هەیە"
نوران سەزگین ڕایگەیاند، سیستمی زیندانی ئیمڕالی سیستمی ئەشکەنجەدانە و وتی: سیستمی زیندانی ئیمڕالی سیستمی ئەشکەنجە و قڕکردنە، سیستمی ئیمڕالی کاریگەری زۆری لەسەر بارودۆخی تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، لە ڕووی تەندروستیەوە، مانەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمڕالی پارێزراو نییە، ڕێبەر ئاپۆ تەنیا ڕێبەری گەلی کورد نییە، پێشەنگی هەموو مرۆڤایەتییە، پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جیهاندا قبوڵکراوە، ئەمڕۆ لە باشووری ئەفریقا و ئەمریکای لاتین باس لە بیرو و فەلسەفە و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت، ڕێبەر ئاپۆ بونیاتنەری سیستمی کۆمەڵایەتییە، بەڵام لە زیندانی ئیمڕالی ڕاگیراوە ئەو زیندانە دەبێتە هۆی نەخۆشی تەنگەنەفەسی و هەوکردن و لەدەستدانی ئێسک و نەخۆشییە مەترسیدارەکان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، سی پی تی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێناگەیەنێت و ئەنجومەنی ئەوروپاش کات دەدات بە دەوڵەتی تورکیا بۆ درێژەدان بەم گۆشەگیرییە.
"رێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەرە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
لە کۆتایی قسەکانیدا، نوران سەزگین داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کرد و وتی: ئێستا نیگەرانین لە تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ و ئەمە قبوڵ ناکەین، دەبێت دەستبەجێ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت، ڕێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەرە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە ئاگاداری ڕێبەر ئاپۆ بین، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدەست بهێنین و پێکەوە بژین.