لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەینی خوێناویدا بەلووچەکان لە مەیداندا بوون

شەوی ڕابردوو، لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی هەینی خوێناوی زاهداندا، ئازادیخوازانی بەلووچ ڕایانگەیاند، کە ڕێگای شەهیدان بە سازدانی ناڕەزایەتی شەقام و دروستکردنی بەربەست و داگیرساندنی ئاگر بەردەوامی پێدەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو، لە سەروبەندی دووەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەینی خوێناوی زاهداندا، گەنجانی بەلووچ و ئازادیخوازانی شاری زاهیدان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل و داخستنی شەقامەکان و وتنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی، خۆپیشاندانیان کرد.

 

لە ناڕەزایەتییەکەدا دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی"، "هەینی خوێناوی زاهدان لەبیر ناچێت" و "نە دەبەخشین و نە لەبیر دەکەین" وترایەوە و جەختکرایەوە، داوای خوێنی شەهیدانی زاهیدان دەکەن.

 

هەر دوێنێ لە دوای نوێژی هەینی، سەرەڕای جێگیرکردنی هێزی ئەمنی و مەدەنی ڕژێمی ئێران لە دەوروبەری مزگەوتی مەکی و بە سەربازکردنی زاهیدان و داخستنی ڕێگاکانی بەرەو مزگەوتی مەکی، هاوڵاتیانی ئازادیخوازی بەلووچ دوای کۆتایی هاتنی نوێژی هەینی هاتنە سەر شەقامەکان و لە مزگەوتی مەکی زاهیدان دروشمی یادی هەینی خوێناوی زاهیدانیان بەرز کردەوە و داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و دادگاییکردنی تاوانبارانی کۆمەڵکوژی هەینی خوێناوی زاهیدانیان کرد.

 

ناڕازییانی بەلووچ داوای ئازادکردنی ئەو زیندانیانە سیاسیانە بوون کە لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراون و هەندێکیان تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە و بەشێکی زۆریان بە تۆمەتی "شەڕ" و "پشێوی لەسەر زەوی" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

 

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە بازگەکاندا نوێژخوێنانیان پشکنیوە و هاوڵاتیانیش هەراسان دەکەن.

 

خەڵکی بەلووچ لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و لە ڕۆژی هەینیی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە هێرشیان کرایە سەر و چەندین کەس کوژران، دوای ئەوە، نوێژخوێنانی بەلووچ لە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیدا ڕژانە شەقامەکان و هەموو هەفتەیەک دوای نوێژی هەینی خۆپیشاندانیان دەکرد و داوای مافی گەنجە کوژراوەکانیان دەکرد، لە یەکەمین ساڵیادی هەینی خوێناویشدا، ساڵی پار ژمارەیەک نوێژخوێن دەستگیرکران.