یەکسانی ڕەگەزی لە سیاسەتدا تا ساڵی ٢٠٦٣ بەردەوام دەبێت

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەیشتن بە یەکسانی ڕەگەزی نێوان ژنان و پیاوان بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت و توێژەرانیش پێیان وایە چل ساڵی دیکەی دەوێت بۆ نەهێشتنی نادادپەروەری بەرامبەر بە ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵانی ڕابردوودا سەرەڕای ئەوەی کە دەستکەوتی ژنان بەرچاو بووە و لە هەندێک وڵاتدا لە پۆستە باڵاکانی حکومەتدا دانراون، بەڵام هێشتا ژنان دەبنە قوربانی توندوتیژی و عەقڵیەتی پیاوسالاری و لەلایەن وڵاتە هەژموونخوازەکان و مۆدێرنیتە سەرمایەدارییەکانەوە رووبەڕووی چەوساندنەوە دەبن، هەروەها بە ئامێرێک دادەنرێن بۆ زاوزێکردن و پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بوونیان لە سیاسەتدا ڕێگری لێدەکرێت.

 

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەم دواییانەدا لەلایەن دەستەی ژنانی ڕێکخراوەکەوە بڵاوکراوەتەوە، یەکسانی ڕەگەزیی نێوان ژنان و پیاوان بە هێواشی پێشدەکەوێت و بە پشتبەستن بە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە، نەهێشتنی نادادپەروەری بەرامبەر ژنان بەو ڕێژەیەی ئێستا ڕەنگە چوار دەیە، واتە تا ساڵی ٢٠٦٣ بخایەنێت، هەروەها ها به پێی ئەم ڕاپۆرته ١٣٧ ساڵی تری دەوێت تا هەموو ژنان له هەژاری ڕزگاریان بێت.

 

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشکەوتن لە سەرانسەری جیهان لە بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان بەدیهاتووە و لە هەر چوار کورسییەکی پەرلەمان یەک کورسی دراوە بە ژنان، ئەمەش زیادبوونی بەرچاو بە بەراورد بە دە ساڵ لەمەوبەر نیشان دەدات، بەڵام چوار دەیەی دیکە بۆ بەدەستهێنانی پێویستی یەکسانی ڕەگەزی دەخایەنێت.

 

هەروەها بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە زۆر شوێنی جیهان ژنان هێشتا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە و شانسی پلە بەرزکردنەوەیان بە زەحمەت دەستدەکەوێت، بە پێچەوانەی هەر ١٠٠ حاڵەتێک کە پیاوان پۆستی بەڕێوەبردنیان پێشکەش دەکرێت، تەنها ٨١ ژن پێشنیارێکی لەو شێوەیەیان پێشکەش دەکرێت.

 

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، پێشکەوتن بە کردەوەی دروست و وەبەرهێنانی کاریگەر  لەم حاڵەتەدا ڕێژەی توندوتیژی لە ژیانی هاوبەش و خێزانی لەناو ئەوانی تردا ئاماژەی پێکراوە، لەو وڵاتانەی کە یاسای دژە توندوتیژی خێزانییان هەیە، بە تێکڕا ٪٩٥ی ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبن و ئەم ڕێژەیەش لەو وڵاتانەی کە ئەو جۆرە یاسایەیان نییە دەگاتە١٦.١٪.