تەژەکە-ئە: نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیان

کۆرردیناسیۆنی تەڤگەری ژنی کورد لە ئەوروپا-تەژەکەئە لە دووەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە بە دروشمی "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد" هەنگاو دەگرنەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیاندراوی تەژەکە-ئە هاتووە کە، کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی لەلایەن "پۆلیسی ئەخلاق"ی ئێرانەوە دوو ساڵ لەمەوبەر، بووە هۆی ئەوەی ژنان بێنە ناو مەیدان و پڕۆسەیەکی گەورەی سەرهەڵدان لە دژی کردەوەکانی دەوڵەتی ئێران دەستی پێکرد.

 

هەروەها ڕاگەیەندرا کە ئەم بەرخۆدانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد، وردە وردە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گشتگیر بوو، بە هەر زمانێک بوو بە ڕەمزێک بۆ تێکۆشان و ئازادی، سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" مۆری خۆی لە سەدەی ٢١دا، هەر بۆیە ڕژێمی ئێران بە کردەوە نامرۆڤایەتیەکانیەوە وەڵامی تێکۆشانی ژنان بۆ ناسنامە و ئازادیان دەدات.

 

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە "سزای لە سێدارەدانی ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکاری مافی ژنان پەخشان عەزیزی و پارێزەری مافی کرێکاری، شەریفە محەمەدی دەرئەنجامی ئەمەیە، بۆیە هەڵمەتی 'نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد'، کە بە پێشەنگایەتی کەژار دەستیپێکرد.

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیان کردەوە، کە وەک تەژەکە-ئە تێکۆشانیان گەورەتر دەکەن و داوایان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ دەکەین کرد کە دەستبەجێ هەنگاو بنێن.

 

لە کۆتایدا ڕاگەیەندرا کە لە نێوان ١٢-١٦ی ئەیلوولدا لە زۆرێک لە شارەکانی ئەوروپا چالاکی بەڕێوەدەچن و بانگەوازی بۆ بەشداریکردن کرا.