میدیا ئەحمەد: بەئامانجکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕۆڵی گرنگی ئەوان نیشان دەدات

ڕۆژنامەنووس میدیا ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شاری سلێمانی و بەئامانجگرتنی ژنە ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵی قەڵەمەکەیان نیشان دەدات و ڕایگەیاند، پێویستە هەمووان ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە بێدەنگی عێراق.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- ڕۆژی ١٥ی ئابی ئەمساڵ لە ئەنقەرە کۆبوونەوەی نێوان عێراق-پەدەک و دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەچوو و ڕێککەوتنێک بە ناوی "رێککەوتنی ئەمنی" واژۆ کرا، کە ئامانجی قڕکردنی کورد بوو، بۆیە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازادی لە شارۆچکەی سەیدسادیقی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد. لەو هێرشەدا دوو ژنە ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەگەری ئازاد بە ناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا.

 

ڕۆژنامەنووس میدیا ئەحمەد، دووپاتی کردەوە کە هێرشەکەی سلێمانی و بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان بەشێکە لە پیلانی ڕێککەوتنەکەی ١٥ی ئاب و وتی: ئەمە یەکەمجار نییە ئەم جۆرە ڕووداوە لە باشووری کوردستان ڕووبدات، پێش ئێستاش ڕۆژنامەنووس نوژییان شەهید بوو، ڕۆژانە داگیرکەر هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی پاراستنی میدیا و گوندەکان وێران دەکات و خەڵکی مەدەنی شەهید دەکات، کاتێک ڕۆژنامەنووسان هەوڵی ئاشکراکردنی ئەو تاوانە داگیرکارییانە دەدەن، دەبنە ئامانجی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەروەها دەوڵەتی تورک بە هاوکاری لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج، بەڵام هەرچەند داگیرکاری تورکیا هەوڵی شاردنەوەی دەنگ و ڕەنگی ڕاستییەکان بدات، ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسێک کە بە قووڵی خۆمان نوقم کردووە لە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕاستی و دڕندەیی و پیلانەکانی دژ بە خەڵک ئاشکرا دەکەین و ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکەینەوە کە چی دەگوزەرێت.

 

"ڕۆژنامەنووسان فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی'یان کرد بە فەلسەفەیەکی جیهانی"

میدیا ئەحمەد سەرنجی بۆ کاری ڕۆژنامەنووسانی ژن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا و وتی: لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنە ڕۆژنامەنووسانی کورد سەرەتا دژی عەقڵیەتی کۆمەڵگەی پیاوسالاری شەڕیان کرد و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ئەمڕۆ لەسەر بنەمای فەلسەفەیەکی دروست ئەو کۆمەڵگەیە ڕێکدەخەن و دەبنە ئاوێنەی کۆمەڵگە، لە لایەکی دیکەوە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرش و داگیرکاری و ئازار و بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەران و کۆمەڵکوژی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ئەنجامدراوە، ژنانی ڕۆژنامەنووس بە ڕەنج و تێکۆشانی خۆیان هەوڵ دەدەن ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن، بەم تێکۆشان و قوربانیدانە، یادی شەهید دلیشان ئیبیش دەکەینەوە و ئەمڕۆ فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی کە بووەتە فەلسەفەیەکی جیهانی و هەموو ژنێک لەژێر ئەم فەلسەفەدا ئازادی خۆی دەدۆزێتەوە، بە ڕەنج و تێکۆشانی ڕۆژنامەنووسان بووە.

 

"دەنگی حەقیقەت هەرگیز ناوەستێت"

میدیا ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بە ئامانجگرتنی ژنانی ڕۆژنامەنووس بە ئامانجگرتنی کۆمەڵگە و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادییە، بێدەنگی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر بە ئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین، بەپێی یاساکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ واز لە بێدەنگی بهێنن و ئێمەش بەڵێن دەدەین کە دەنگی ڕاستی هەرگیز نابڕدرێت.