ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردی لوبنان هێرشەکانیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ژن شەرمەزار کرد

ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی ژنانی کورد لە لوبنان بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئیدانە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٣ی ئاب دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتری لە ڕێگەی شارۆچکەی سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج، لەو هێرشەدا ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان بەختکرد و ڕێبین بەکر، سەرپەرشتیاری دیجیتاڵ میدیای کۆمپانیای چەتر برینداربوو، ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزایەتییەکان دژی کوشتنی ژنە ڕۆژنامەنووسان لە زیادبووندایە، ڕێکخراوەکان و کۆمەڵەکانی ژنانی کورد لە لوبنان بە ڕاگەیەندراوێک بە ئامانجگرتنی ژنە ڕۆژنامەنووسانیان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە شەرمەزار کرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مەبەست لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان بێدەنگکردنی ئەو ڕاستی و دەنگە ئازادەیە کە تاوانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە دژی کوردستان و خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکەن، هەروەها لاوازی بەڕێوەبردن و ئاسایشی باشووری کوردستان و دەوڵەتی عێراق نیشان دەدات.

 

"خەباتی ژنان بەردەوامە"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئیدانەی هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان کراوە و دەڵێت: هێرشەکان ئیرادەی ژنانی ئازاد ناشکێنن، دەوڵەتی تورکیا دوژمنی ڕۆژنامەنووس و ژنانە، چونکە هەردووکیان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا دەکەن، خەباتی ژنان لە دژی تاوان و هێرشی دڕندانە بەردەوامە و هەمیشە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەرز دەبێتەوە.