ژنانی سیرین: سیستمەکەمان بە یەکگرتوویی پێکهاتەکان بونیاد نراوە

ئەو ژنە عەرەبانەی شارۆچکەی سیرین کە وتیان: سیستمەکەمان بە یەکڕیزی پێکهاتەکان بونیاد نراوە، توڕەیی خۆیان لەو ڕووداوانە نیشان دا کە لە دێرەزوور ڕوویاندا و ئاماژەیان بەوە کرد، هەموو ئاڵۆزییەکان خەریکە زیان بە پێکهاتەکانی ناوچەکە دەگەیەنن.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- هێزە چەکدارەکانی بەرگری نیشتیمانی و گروپ و هۆزەکانی ژێر چاودێری ڕژێمی بەعس، لە ٧ی ئابەوە هێرشێکی توندیان کردە سەر کانتۆنی دێرەزوور، لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا، ژمارەیەک هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لە چوارچێوەی هێرشەکاندا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مافی خۆیان بۆ خۆپاراستن بەکاردەهێنن و لە زۆر شوێن پێکدادان ڕوودەدات.

 

ژنانی عەرەب لە شارۆچکەی سیرین لە کانتۆنی فوراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی دێرەزوور کرد و کاردانەوەی خۆیان دەربڕی.

 

"ڕووداوەکانی دێرەزوور سیاسین و یارییەکی گەورەن"

 بەهیە عەلی ئاماژەی بەوەکرد، شەڕی چەکداری لە ڕاستیدا سیاسییەو وتی: ئەو پێکدادانانەی لە دێرەزوور ڕوویانداوە شۆکێکی گەورە بوون بۆ ئێمە، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ڕوویانداوە، سەرمان سوڕما، دوای ڕزگارکردنی دێرەزوور لەلایەن هێزەکانی قەسەدەوە لە چەتەکانی داعش، ئێستا ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا ئەزموون کرا، بەڵام چەتەکان ساڵ لە دوای ساڵ ململانێی نوێ دروست دەکەن و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی تیرۆری خۆیانەوە سەقامگیری و یەکڕیزی گروپەکان تێک بدەن, بە تایبەتی ڕژێمی بەعس کە داوای شوێنی تایبەتیان لە هێزەکانی "قەسەدە" دەکرد، کە بە ئامانجەکەیان نەگەیشتن، دەستبەجێ داوای هاوکاری لە هێزەکانی دیکە کرد، کە لە ئەنجامدا شەڕێکی لێکەوتەوە، لە دێرەزوور ململانێی چەکداری هەیە، بەڵام لە ڕاستییدا بابەتەکە سیاسییە و یارییەکە زۆرێک لە هێزە نێودەوڵەتییەکان تێیدا بەشدارن، سەرەڕای ئەو هەموو ناکۆکی و ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن، ئێمە لەسەر بەڵێنەکەمانین، خاکی سووریا هی پێکهێنەرەکانیەتی و مافی خۆمانە بە کەرامەتەوە بژین و بیپارێزین، بە ئاسانی زەوییەکانمان ڕادەستی ڕژێمی سووریاو دەوڵەتی تورکیا ناکەین.

 

"بۆچی لە ڕۆژانی سەختدا ئازایەتی خۆیان ناشت"

نەعیمە ئەحمەد تیشکی خستەسەر بێدەنگی ئەو لایەنانە کە لە سەردەمی چەتەکانی داعشدا سەرلێشێواوییان لە دێرەزوور دروست کرد و وتی: زۆر لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پڕۆسەی چەتەکانی داعشیان ئەزموون کرد، ئەگەر ئەوە بڵێم ئێمە تامەزرۆی ژیانێکی ئارام بووین لەو سەردەمەدا، ئەو ژیانە بە هاتنی هێزەکانی قەسەدە بوو لە تاریکی داعش ڕزگارمان بوو، لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا بە شەرەف و کەرامەتی خۆمان لە ئاسایش و ئارامی بێکۆتادا دەژین, ئەمە نەک تەنها لە سیرین بەڵکو لە هەموو ئەو ناوچانەی کە لە دەستی چەتەکان ڕزگار کران ڕوودەدات، لەم ڕاستییەدا ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ئەمڕۆ لە کانتۆنی دێرەزوور ڕوودەدەن، مایەی پەشیمانین، بە تایبەت ڕاپەرینی عەشیرەت و گەورەکانی لە دژی قەسەدە، ئازایەتی و هێزی ئێوە لە سەردەمی داعشدا لە کوێ بوو؟ لەو کاتەدا یەک شێخی عەشیرەتەکان نەیوێرا لە بەردەم چەتەیەکی داعش دەنگی بەرز بکاتەوە.

 

نەعیمە ئەحمەد بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە وتی: دوای ئەوەی لەم دڕندەییە ڕزگارمان بوو و سیستمی خۆمان بونیاد نا، ئەو کەسانەی وا خۆیان نیشان دەدەن کە خاوەنی دێرەزوورن، داوای بەڕێوەبردن لەوێ دەکەن، بەڵام ئێمە دەڵێین نەخێر دێرەزوور هی گەلەکەیەتی و ئەو هێزانەیە کە دەیانپارێزن، جگە لەمەش دێرەزوور و هەموو ناوچەکانی تر سەر بە هێزە تازە دەسەڵاتدارەکان نابن، ئەم سیناریۆیانە لە دێرزوور ڕوودەدەن، بابەتی هەڕەمەکی نین، پێدەچێت پلانێکی گەورە ئامادەکرابێت کە شانە نووستووەکان و ڕووسیا و ڕژێمی بەعس و تورکیا لەخۆبگرێت.

 

"لە گۆڕانکاری مێژوویی دەژین"

 فاتمە ئەلمەلە کە هەروەها باسی لە گۆڕانکارییەکانی دوای ڕزگاربوون لە چەتەکانی داعش کرد، وتی: بەڕای من گرنگە خەڵک هەمیشە قۆناغی داعشیان لەبیربێت بۆ ئەوەی لەبیرمان نەچێت ئێمە چ جۆرە ژیانێکمان هەیە لە چ جۆرە ژیانێکدا تێپەڕین، بە تایبەت وەک ژن نەماندەتوانی سەرمان لە دەرگا دەربکەین، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەگەر جل و بەرگمان بخەینە سەربان، دەبوو دەموچاومان داپۆشین و خۆمان داپۆشین، ئەگەر ئێستا گرنگی بە دۆخی خۆمان بدەین، تێبینی ئەوە دەکەین کە ڕووبەڕووی گۆڕانکاری مێژوویی بووینەوە، ئێستا ئێمە و منداڵەکانمان پارێزراوین و داهاتوویەکمان هەیە کە کاری بۆ بکەین، دامودەزگاکانمان هەیە کە بە بەڕێوەبردنێکی هاوبەشی ژن و پیاو بەڕێوەدەبرێن، پێموایە ئێمە هەرگیز لەم دۆخە باشترمان نابێت و تێیدا نەژیاوین.

 

 فاتمە ئەلمەلە دووپاتی کردەوە، ئەو خەڵکەی لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە کڕدراون نوێنەرایەتیان ناکەن و وتی: خاکی سووریا بۆتە ناوچەی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانیان، بەداخەوە ئەم هێزە نێودەوڵەتیانە لەم بابەتەدا منداڵان و هێزەکانی ناوخۆ بەکاردەهێنن و فریویان دەدەن، تا ئێستا ئەوانەی لەم کۆمەڵکوژییانەدا کوژراون و ئەوانەی لە پاراستنی دێرەزوور شەهید بوون منداڵی ئێمەن و کەسی تر نییە، ئەم هێزانە ئاگرەکە قووڵتر دەکەنەوە و ئێمەش بەهۆیەوە دەسوتێنن، ئەم عەشیرەتانەی ئێستا بەشدارن لەم ڕووداوانەدا لەلایەن هێزی بیانیەوە کڕدراون و بەناوی خەڵکی ناوچەکەوە قسە دەکەن، بەڵام ئەو کەسانە نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن، چونکە ئێمە هەرگیز نامانەوێت ئەم سیستەمە کە بە یەکێتی پێکهاتەکان بونیاد نراوە، داڕمێت.